سۆماڵ هۆشداری دەداتە ئیسرائیل و دانپێدانانی سۆمالیلاند بە هێڵی سوور ناو دەبات
حکوومەت و پەرلەمانی سۆماڵ بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ئیسرائیل دەکەن بۆ دانپێدانان بە ناوچەی سۆماڵیلاند و ڕایدەگەیەنن؛ ئەم هەنگاوە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری وڵاتەکایەنە و ئاسایشی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
حەسەن شێخ محەممەد، سەرۆک کۆماری سۆماڵ، لە وتارێکیدا ڕەخنەی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و جەختی کردەوە؛ کارەکانی ناتانیاهۆ گەورەترین پێشێلکارییە دژ بە سەروەری سۆماڵ لە مێژوودا و دووپاتی دەکاتەوە؛ گەلی سۆماڵ بەرگرییی لە یەکپارچەیی خۆیان دەکەنەوە.
لای خۆیەوە داوود ئاویس، وەزیری بەرگریی سۆماڵ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 'عەرەبییە' گوتی: ئیسرائیل هەوڵدەدات بنکەی سەربازی لە سۆماڵیلاند دابمەزرێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد؛ ولاتەکەی هیچ جۆرە چالاکییەکی نیشتەجێبوون یان سەربازی بیانی لەو ناوچە قبوڵ ناکات و ڕایگەیاند؛ "دانپێدانانی ئیسرائیل بە سۆمالیلاند هەنگاوێکی تێکدەرانەیە بۆ ئاسایشی ناوچەکە"
لەلایەکی دیکەوە عەبدولسەلام عەبدی، وەزیری دەرەوەی سۆماڵ؛ هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕوونتر کردەوە و ڕایگەیاند؛ "سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ هێڵی سوورن و ناتوانێرێت تێپەڕێنرێت." ئاشکراشی کرد مەقەدیشۆ داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی ئیسرئیل کردووە بۆ پاشەکشەکردن لەو بڕیارە، چونکە بە هەنگاوێکی شەڕانگێزانە و ئیستفزازی" دادەنرێت.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە 21 وڵات لەگەڵ ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی (OIC) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، پشتیوانی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ دەربڕیوە و هەر هەنگاوێکی ئیسرائیلیان بۆ دانپێدانان بە سۆماڵیلاند ڕەتکردووەتەوە.
ناوچەی سۆماڵیلاند لە ساڵی 1991 و دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سۆماڵ، بە شێوەیەکی تاکلایەنە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. هەرچەندە وەک هەرێمێکی سەقامگیر و خۆبەڕێوەبەر دەردەکەوێت، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دانی پێدا نەناوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک بەشێک لە کۆماری فیدراڵی سۆماڵ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ئێستا مەقەدیشۆ جەخت دەکاتەوە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو ناوچەیە بەردەوامن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لە چوارچێوەی یەکێتی وڵاتدا.
