بەفر و زریان کارەبای 250 گوندی لە پارێزگای سنە پچڕاند

بەفر و زریانی سەختی دوێنێ شەو، 300 ستوونی کارەبای شکاندووە و کارەبای زیاتر لە 250 گوندی لە دەوروبەری بانە، سەقز  و مەریوانی بڕیوە.

دووشەممە، 29 کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم' بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی بەفر و زریانی توند لە بەرزایییەکانی نێوان بانە- سەقز و  سنە-مەریوان 300 ستوونی کارەبا شکاون و 10 بگۆڕ 'محەویلە' لە کارکەوتوون، ئەوەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای زیاتر لە 250 گوندی ئەو ناوچانە.

پچڕانی کارەبای ئەو ژمارە زۆرەی گوندەکان، نیشانەی لاوازیی تۆڕی کارەبا و گەورەیی قەیرانەکەیە. هەرچەندە تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبا، سەرباری سەرمای لە ئەندازەبەدەر و توندیی زریان، بێوچان لە هەوڵی گەڕاندنەوەی کارەبان بۆ ئەو گوندانە، بەڵام هێشتا کێشەکە چارە نەکراوە.

بەگوێرەی دواین هەواڵی گەیشتوو، کێشەی تەکنیکی لە تاوەرە گەورەکانی هێڵی فشاری بەرزی نێوان سەقز و بانە، بووەتە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەبای وێستگەی دابەشکردنی کارەبای ئەربەبای شاری بانە؛ کە پاش چەند کاتژمێر لە هەوڵ و تەقەللای تیمەکانی بەشی چاککردنەوە، کێشەکە چارە کرا.

بەدواداچوونەکان دەریدەخەن زۆرترین زیان و پچڕانی کارەبا لە فیدەرەکانی ڕێگەی مەریوان، سەردەشت، سەبەدلو و ڕێگەی ئارمردەی شاری بانە تۆمار کراوە؛ ئەو ڕێگەیانە کە بەهۆی بەفر و زریانەوە، گیراون هاتوچۆیان پێدا ناکرێت.

تا ئێستا کارەبای نزیکەی 200 گوندی سەربە شارۆچکەی بانە و 50 گوندی سەر بە شارۆچکەی سەقز، پچڕاوە؛ ئامارێک کە گەورەیی قەیرانەکە و بەرفراوانی زیانەکان بە باشی نیشان دەدات.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، هەر کاتێک ڕێگەی گوندەکان پاککرانەوە و دۆخی سەلامەت دابین کرا، کاری دانانەوەی ستوونی نوێ و چاککردنەوەی تۆڕەکە دەست پێ دەکات و بەشێک لە گوندەکان لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا دووبارە بە تۆڕی نیشتمانیی کارەباوە دەبەسترێنەوە.

'تەسنیم' لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، دەڵێت: دووبارەبوونەوەی کێشەی گەورە لە تۆڕی کارەبا، لەگەڵ گۆڕانی سەختی کەشوهەوادا، زەنگێکی مەترسییە بۆ پێویستیی نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکان، بەهێزکردنی هێڵەکان و دابینکردنی کەرەستەی گونجاو کە لەگەڵ کەشوهەوای سەختی کوردستاندا بگونجێت؛ داواکارییەک کە نابێت دوای هێوربوونەوەی قەیرانەکە لەبیر بکرێت، هەروەک چۆن لە زستانەکانی ساڵانی ڕابردوودا لەبیر کرا.

خەڵک بەسەبرن و کارمەندانی بەشی چاککردنەوەی کارەباش شایانی دەستخۆشین، بەڵام دەبێت تۆڕێکی سەلامەتتر و جێگیرتریان بۆ دابین بکرێت. هەنگاوی کردەیی بۆ ڕێگریی لە دووبارەبوونەوەی ئەم قەیرانانە، داواکارییەکە کە دەبێت هەر لە ئەمڕۆوە، بە جددی کاری لەسەر بکرێت.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل