پارتی کاندیدانی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن دیاری دەکات
کوردستان24 زانیاری لەبارەی کاندیدانی پارتی بۆ هەردوو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆن ئاشکرا دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. لەم چوارچێوەیەدا، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدایە و کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ لەگەڵ فراکسیۆنی حزبەکەی کۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئامانجی کۆبوونەوەکە یەکلاییکردنەوەی فەرمیی کاندیدەکانی پارتییە بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی.
شاندەکەی پارتی لەلایەن ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و عەرەفات کەرەمەوە سەرپەرشتی دەکرێت. کوردستان24 زانیویەتی، شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کاندید دەکرێت و فەرهاد ئەتروشیش وەک سەرۆکی نوێی فراکسیۆنەکە دادەنرێت.
کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوو بڕگەی سەرەکی لەخۆدەگرێت. بڕگەی یەکەم تایبەتە بە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامە نوێیەکانی پەرلەمان. بڕگەی دووەمیش بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە، پێکدێت لە سەرۆک و دوو جێگرەکەی.
بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە، جێگری یەکەم بۆ شیعە و جێگری دووەمیش بۆ کوردە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسیی لایەنە کوردستانییەکان، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بە مافی خۆی دەزانێت. تا ئێستا لایەنە سوننی و شیعییەکان بە فەرمی لەسەر کاندیدی کۆتایی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و دیاریکردنی سەرۆک وەزیران هێشتا ماویەتی و چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنەکان دەکات.
