هۆشداریی دەدرێتە حەماس
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە هاوینەهەواری "مار ئا لاگۆ" لە ویلایەتی فلۆریدا پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد. ترەمپ ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەکەیان "کۆمەڵێک دەرەنجامی گرنگ"ی هەبووە و لەسەر زۆربەی پرسەکان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، هەرچەندە دانی بەوەدا نا کە جیاوازی بیروڕا لە نێوانیاندا هەیە سەبارەت بە دۆخی "کەناری ڕۆژئاوای غەزززە".
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا، ترەمپ جەختی لە پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکان کردەوە بۆ چوونە ناو قۆناغی دووەمی "پلانی ئاگربەستی غەززە" کە لە تشرینی یەکەمی ڕابردوودا داڕێژراوە. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد؛ ئیسرائیل ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام حەماس بە هۆکاری دواکەوتنی ڕێککەوتنەکە دەزانێت.
سەرۆکی ئەمەریکا مەرجی سەرەکی بۆ ئاگربەست بە "چەکداماڵینی حەماس" و دەستبەرداربوونی بزووتنەوەکە لە حوکمڕانی غەززە بەستەوە و هۆشداری دا: "ئەگەر حەماس پابەند نەبێت و چەک دانەنێت، ڕووبەڕووی باجێکی زۆر قورس دەبێتەوە."
سەبارەت بە تاران، ترەمپ نیگەرانی خۆی نیشاندا لەو هەواڵانەی باس لە ئاوەدانکردنەوەی بەرنامە سەربازییەکانی ئێران دەکەن لە شوێنە نوێیەکاندا. ناوبراو هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازی ڕاستەوخۆی کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستی و بەرنامەی ئەتۆمی، ئەوا ئەمەریکا نەک هەر هێرش دەکات، بەڵکو پشتیوانی لە هەر هێرشێکی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئەو وڵاتە دەکات."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دۆخی نوێی سووریا کرا. ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا ئیسرائیل بتوانێت لەگەڵ "ئەحمەد شەرع" سەرۆکی نوێی سووریا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد دەسەڵاتی گرتە دەست بگونجێت. لای خۆیەوە ناتانیاهۆ ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی سنوورێکی ئارام و بێدەنگ لەگەڵ سووریا دووپات کردەوە.
بەگوێرەی پلانەکەی مانگی تشرینی یەکەم، بڕیارە ئیسرائیل بە تەواوەتی لە غەززە بکشێتەوە، بەو مەرجەی حەماس دەسەڵات و چەک ڕادەست بکات. لە بەرامبەردا ئەمەریکا کار بۆ پێکهێنانی "حوکمڕانییەکی گواستنەوە" و جێگیرکردنی "هێزێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی" لە ناو کەرتی غەززە دەکات.
ناتانیاهۆ لە کۆتاییدا کۆبوونەوەکەی بە "زۆر بەرهەمدار" وەسف کرد و ستایشی پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ترەمپی بۆ ئیسرائیل کرد، تەنانەت لەو خاڵانەشدا کە تێڕوانینیان جیاوازە.
