تایوان نایەوێت چین تووڕەتر بکات
دەووم ڕۆژە مانۆرە سەربازییەکانی چین لە ئاسمان و هەرێمە ئاوییەکان بە چڕی بەردەوامە و لای چینگ تی، سەرۆکی دوورگەی تایوانیش دەڵێت: نامانەوێت بەیژینگ تووڕەتر و گرژییەکان فراوانتر بکەین.
لێدوانەکەی ئەمڕۆ سێشەممە 30 کانوونی یەکەمی 2025، لای چینگ تی لە کاتێکدایە، چین بۆ دووەم ڕۆژە مانۆرێکی فراوانی سەربازیی بۆ تاقیکردنەوەی گەمارۆدانی بەندەرە سەرەکییەکانی تایوان لە ئاسمان و دەریاوە ئەنجام دەدات.
لای چینگ تی لە هەژماریی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە ڕەفتار دەکەین، بەبێ ئەوەی ئاستی گرژییەکان بەرز بکەینەوە یان کێشە و ململانێ دروست بکەین."
لەلایەکی دیکەوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی بەرەنگاریی فرۆشتنی چەکی ئەمەریکی بە تایوان دەبێتەوە. ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی چین هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانۆرەکانی سوپای وڵاتەکە بە بەکارهێنانی نوێترین چەکی هێزەکانی دەریایی و ئاسمانی لە دەورووبەری دوورگەی تایوان.
وانگ یی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "لە وەڵامی تووڕە کردنە بەردەوامەکانی هێزە لایەنگرەکانی سەربەخۆیی لە تایوان و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەمەریکاوە، پێویستە بە توندی دژی بوەستینەوە و ڕووبەڕوویان ببینەوە."
وەزیری دەرەوەی چین جەختیشی کردەوە، هەر هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە یەکگرتنەوەی چین و تایوان، "چارەنووسی شکست دەبێت"، چونکە تایوان بەشێکی دانەبڕاوە لە خاکی چین و بژاردەی بەکارهێنانی هێزیشی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بە دوور نازانێت.
هەروەها تایوان ڕایگەیاندووە، لە 24کاتژمێری ڕابردوودا 130 فڕۆکەی سەربازی، 22 کەشتیان لە هەرێمە ئاوییەکانی نزیک دوورگەی تایوان چاودێری کردووە، کە 12 کەشیان جەنگی بوون.
