سعوودیە بەندەری موکەلای یەمەنی بۆمباران کرد
سێشەممە، 30 کانوونی یەکەم، 2025، ئاژانسەکانی هەواڵ، ڕایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی سعوودیە بەندەری موکەلایان لە پارێزگای حەزرەمەوت، لە ڕۆژهەڵاتی یەمەن، بۆمباران کرد.
لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانیی حکوومەتی شەرعی یەمەن، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: فڕۆکەکانی هاوپەیمانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە کردەیەکی سنوورداردا، چەک و ئۆتۆمبیلی سەربازیی داگیراو لە دوو کەشتییەوە بۆ سەکۆکانی بەندەری موکەلایان، بۆمباران کردووە.
بەندەری موکەلا، ئێستا لە لایەن هێزەکانی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشوور، کە ئیمارات پاڵپشتییان دەکات، کۆنترۆڵ کراوە.
مالیکی، گوتیشی: ئەو دوو کەشتییە، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمیی لە سەرکردایەتیی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانیی، لە بەندەری فوجەیرەی ئەماراتەوە هاتوونەتە بەندەری موکەلا و ڕادارەکانیان کوژاندووەتەوە و بڕێکی زۆر چەک و ئۆتۆمبیلی سەربازییان بۆ پشتیوانیی هێزەکانی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشوور، لەو بەندەرە داگرتووە.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ پشتیوانیی حکوومەتی شەرعی یەمەن، جەختی لەوە کردەوە "هاتنی ئەو دوو کەشتییە و داگرتنی چەک و پێداویستیی جەنگی لەو بەندەرە، پێچەوانەی بڕیاری ژمارە 2216ی سالی 2015ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و سەرپێچییە لە هەوڵەکانی چارەکردنی ئاشتیی کێشەی یەمەن."
گرژییەکانی نێوان سعوودیە و ئیمارات بە توندی پەرەیان سەندووە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجوومەنی ڕاگوزرەی باشووری هاوپەیمانی ئیمارات، دەستیان بەسەر بەشێکی بەرفراوانی ڕۆژهەڵاتی یەمەندا گرت و هۆشدارییەکانی سعوودییە و تەنانەت هێرشێکی ئاسمانیی ئاگادارکردنەوەی ئەم دواییەشیان پشتگوێ خست.
