ئەمڕۆ گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمانی عێراق درێژە بە دانیشتنی کراوەی خۆی بدات. مەبەست لە دانیشتنەکە هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانە. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت دوێنێ پەرلەمان هەیبەت حەلبووسی بە سەرۆکی نوێ و عەدنان فەیحانی بە جێگری یەکەمی سەرۆک هەڵبژارد.

لە پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمدا، دوو گەڕی دەنگدان ئەنجامدرا. کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبوار کەریم، کاندیدی بەرەی هەڵوێست بوو. هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگی پێویست (166 دەنگ) بەدەستبهێنن. بەهۆی ئەمەوە دانیشتنەکە بۆ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کراوەیی مایەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، دەرگای پەرلەمان کاتژمێر 01:00ـی دوانیوەڕۆ دەکرێتەوە، بەڵام کاتی وردی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکە هێشتا دیارینەکراوە.

هاوکات، شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتووە لە ئامینە زکری و عەرەفات کەرەم، لە بەغدایە. شاندی پارتی و فراکسیۆنەکەیان لە گفتوگۆ و پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە. ئامانجیان مسۆگەرکردنی دەنگی پێویستە بۆ سەرخستنی شاخەوان عەبدوڵڵا لە گەڕی سێیەمی دەنگداندا.

خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 یەکەمین دانیشتنی خۆی ئەنجامدا. بەپێی نەریتی سیاسی پەیڕەوکراو لە عێراقدا لەدوای ساڵی 2003، پۆستە باڵاکان بەسەر پێکهاتە سەرەکییەکاندا دابەشکراون.

 پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە، جێگری یەکەم بۆ شیعە، و جێگری دووەم بۆ کورد دیاریکراوە. لەم چوارچێوەیەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان شاخەوان عەبدوڵڵای بۆ جاری دووەم کاندید کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل