فایزە ڕەفسەنجانی ڕەخنە لە یاساکانی حکوومەتی وڵاتەکەی دەگرێت

فایزە ڕەفسەنجانی، چالاکوانی سیاسی و بەرگریکاری مافی ئافرەتان، دەڵێت: حکوومەتەکەی مەسعود پزیشکیان، ئەگەرچی لە هەندێک بابەتدا وەک پرسی حیجاب، چەند هەنگاوی ئەرێی ناوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، لە بواری مافی ئافرەتاندا وەک و پێویست کاری نەکردووە.

فایزە ڕەفسەنجانی، کچی سیاسەتمەداری ناوداری کۆچکردووی ئێران، عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ماڵپەڕی 'تابناک' دەرباری دیاردەی توندوتیژیی ناو خێزان، دەڵێت: ئەم ڕووداو و ناخۆشییانە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا هەن، بەڵام ئەوەی گرنگە یاساکانە؛ ئەو یاسایانەی کە بتوانن ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیاردەی لەم چەشنە بکەن، هەروەها ڕوانگەی گشتیی دەسەڵات و حکوومەتەکان. مەبەست لە حکوومەت لێرەدا تەنها دەسەڵاتی جێبەجێکردن نییە، بەڵکو دەوڵەت بە مانای گشتییەکەیەتی؛ بەو واتایەی کە کۆی سیستەمی حوکمڕانی بتوانێت بە دانانی یاسای گونجاو، سیاسەتی دروست و پێناسەکردنی ڕۆڵە کاریگەرەکان، بەرەنگاری ئەم دیاردەیە ببێتەوە.

ئەم چالاکوانە گوتیشی:دەبێت حکوومەت دەربارەی گشتیی ئەم بابەتە، پرۆژەیاسا پێشکەش بکات و پەرلەمان پەسەندی بکات، یان خودی دەسەڵاتی دادوەری بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسا، زەمینەی ئەم کارە خۆش بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئافرەتان ماف و پارێزبەندییەکی تایبەتیان نییە. ئەگەر ئافرەتێک توندوتیژیی بکات و مێردەکەی سکاڵا بکات، یاسا مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە دەکات، بەڵام ئەگەر مێردەکەی توندوتیژی بکات، تەنانەت ئەگەر کار بگاتە لێدان و بریندارکردن یان کوشتن، هێشتا مامەڵەی جددی و کاریگەری لەگەڵ ناکرێت. بە واتایەکی تر، یاسای وڵاتی ئێمە، لەم بوارەدا پێویستیی بە پێاچوونەوە و ڕێکخستنەوە هەیە.

بە ڕای من، زیابوونی ئەم دیاردەیە، زۆر جێی نیگەرانییە. بەپێی هەندێک سەرچاوە 'پێموایە ڕۆژنامەی ئیعتیماد بوو' لە ئێران هەر سێ ڕۆژ جارێک ئافرەتێک لەسەر دەستی ئەندامانی خێزانەکەی دەکوژرێت. لەوەش مەترسیدارتر، دەرکەوتنی قژی ئافرەتێک وەک تاوانێکی گەورەتر لە کوشتنی ئافرەتێک لەلایەن پیاوێکەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت! 

فایزە ڕەفسەنجانی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: من وەکوو تاکێک، دژی سزای لە سێدارەدانم و لاموایە دەبێت ئەو سزایە بۆ هەمیشە هەڵبوەشێنرێتەوە و لاببرێت. سزای بکوژ دەبێت زیندانیکردنی قورس بێت واتە بۆ ماوەی 10 -20 ساڵ یان بۆ هەتاهەتایی حوکم بدرێت. یاسا دەبێت بە کارکردنەسەر هەستیاریی کۆمەڵگە ڕێگریی لە گەشەکردنی توندوتیژیی ناو خێزانەکان بدات و لەهەمان کاتدا جەخت لەوە بکاتەوە کە تاوانکاران سزای گونجاوی خۆیان وەردەگرن.

ئەو، دەربارەی بەرانبەری لە کار و کرێی ئافرەتان پیاواندا گوتی: بێگومان لە سیستەمی کارگێڕیی حکوومەتدا، جیاکاری ڕاستەوخۆ لە مووچەی بنەڕەتیدا زۆر بەدی ناکرێت، بەڵام هەندێک لە ئیمتیازەکانی خانەنشینی و هی تر هەن، کە تەنیا بە پیاوان دەدرێن ئافرەتا لێیان بێبەشن.

ئافرەتان بەهۆی بوونی بەربەستە نادیارەکان، نەریتە نایەکسانەکان و بەربەستە کولتوورییەکان، کەمتر دەرفەتی پلەبەرزکردنەوەیان دەبێت و ڕێگەیان پێ نادرێت بگەنە ئاستە باڵاکانی بەڕێوەبردن.

لە ڕووی مووچەی بنەڕەتییەوە، من نەمزانیوە لە دامەزراوە حکوومییەکاندا، مووچەی ئافرەتی فەرمانبەر بە شێوەی ڕاستەوخۆ کەمتر بێت لە پیاوان، بەڵام کێشە سەرەکییە ئەوەیە کە ئافرەتان لە دەرفەتی بەرزبوونەوەی پیشەیی بێبەش دەکرێن. کەمتر ڕێگەی گەشەی پیشەییان پێ دەدرێت؛ گەشەیەک کە بۆ پیاوان بەردەستە و دەتوانن بگەنە پلەکانی وەک بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەری گشتی، جێگر یان سەرۆک. ئەم پلەبەرزکردنەوانە زیادبوونی مووچە، ئیمتیازات و هەلی دیکەی بەدواوە دێت؛ لەوانە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری خۆشگوزەرانی باشتر؛ بەڵام ئافرەتان ئەو دەرفەتانەیان بۆ ناڕەخسێنرێت.

فایزە ڕەفسەنجانی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: سیاسەتی ئەم حکوومەتەی ئێستای ئێران، بەرانبەر بە ئافرەتان، نەک هەر گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو هەمان سیاسەتە هەڵە و بنبەستەکانی ڕابردوو جارێکی تر دووبارە دەبنەوە. ئەم دۆخە، بە شێوەیەکی سروشتی دەبێتە هۆی زیادبوونی بێهیوایی لە کۆمەڵگادا. کاتێک پێوەرە سەرەکییەکانی دۆخی وڵات تاوتوێ دەکەین، لەوانە نرخی دراو، نرخی زێڕ، ڕێژەی هەڵاوسان و کێشە ئابوورییەکان، دەبینین کە ئەم کێشانە بەرۆکی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گرتووە. 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل