لە ورمێ 783 کەس لەنێو بەفر ڕزگارکران و ئەمڕۆش کرایە پشوو

بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، ئەمڕۆی کردە پشوو، هەروەها تیمەکانی مانگی سووری ورمێ، 783 کەسی گیرخواردوویان لەنێو بەفر ڕزگارکرد.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی کانوونی یەکەمی 2025، جگە لە بنکە و نەخۆشخانەکان، بانکەکان و بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی سووتەمەنی، لەسەرجەم فەرمانگەکانی حکوومەت، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.

هەروەها هۆشداری داوەتە دانیشتووانی شاری ورمێ و ناوچەکانی دەروبەری، لە ئەگەری ناچاری نەبێت، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و گەشتی نا پێویست نەکەن، چونکە سەرماو و بەفر، زۆرینەی ڕێگەکانی بەستووە و مەترسیدارن. 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر بارینیە چەند ڕۆژی ڕابردوو، کە پارێزگاکەی گرتووەتەوە و پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی دابەزیوە، لایەنی پەیوەندیدار ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگری لە دروستبوونی گرفتی دابەشکردنی گاز، بەتایبەت بۆ ماڵان، لەگەڵ ئەمەشدا داوای لە خەڵکی کردووە، هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی گاز بکەن و زیاد لە پێویست گاز نەسووتێنن.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتی مانگی سووری ورمێ ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تیمەکانیان توانیویانە 783 کەس و 291 ئۆتۆمبێل لە مەترسی ڕزگار بکەن کە لەنێو بەفر گیریانخواردبوو.

ڕزگارکردنی خەڵکی گیرخواردوو لە ناو بەفر

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل