ئەو پێنج خۆراکەی بۆنی جەستە و هەناسە خۆش دەکەن
پسپۆڕانی بواری خۆراک دووپاتی دەکەنەوە، خواردنی بەردەوامی میوە و سەوزە و کەمکردنەوەی خواردنی گۆشت و چەوری، یارمەتیدەرێکی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی بۆنی جەستە و نەهێشتنی بۆنی ناخۆش.
ماڵپەڕی "ڤێری وێڵ هێڵس"ی تایبەت بە هەواڵە تەندروستییەکان، لە زاری پسپۆڕانەوە، پێنج جۆرە خۆراکیان دیاریکردووە کە پێویستە بە بەردەوامی بخورێن بۆ ئەوەی جەستە و هەناسە بە بۆنی خۆش بمێنێتەوە.
خۆراکەکان بریتین لە:
سێو
میگان ڕۆ، پسپۆڕی خۆراک دەڵێت، سێو دەوڵەمەندە بە دژە ئۆکسانەکان و وەک پاککەرەوەیەکی سروشتیی جەستە کاردەکات.
خواردنی سێوی تازە دەبێتە هۆی کوشتنی بەکتریای نێوان ددانەکان، ئەمەش بۆنی ناخۆشی دەم ناهێڵێت.
هەروەها پۆلیفینۆڵەکانی ناو سێو ڕێگری لە گەشەی ئەو بەکتریایانە دەکەن کە ماددەی گۆگردی بەرهەمدەهێنن و دەبنە هۆی بۆنی ناخۆش.
پرتەقاڵ
توێژینەوەکان دەریانخستووە کە بەرزیی ئاستی "کارۆتینۆیدەکان" لە پێستدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە بۆنی ئارەقەوە هەیە و بۆنێکی میوەیی و شیرین بە جەستە دەبەخشێت. جگە لەمەش پرتەقاڵ و لیمۆ بەهۆی ترشێتییەکەیانەوە، ئەو بەکتریایانە دەکوژن کە دەبنە هۆی بۆنی ناخۆشی دەم.
ماست
خواردنی ماستی هەوێنکراو لە شیری سروشتی کە دەوڵەمەندە بە "پڕۆبایۆتیک"، هاوسەنگیی میکرۆبە سوودبەخشەکانی ڕێخۆڵە دەپارێزێت، ئەمەش وا دەکات جەستە کەمتر بۆنی ناخۆش دەربدات. پڕۆبایۆتیکەکان کۆنترۆڵی گەشەی بەکتریای ناو دەمیش دەکەن و هەناسە فێنک دەکەنەوە.
سەوزە تازەکان
ڕێحان، ڕۆزماری، پونگ و کەرەوز؛ ئەم سەوزانەن دژە ئۆکسێنەری بەهێزیان تێدایە کە بەکتریای بەرهەمهێنەری بۆنی ناخۆش لەناو دەبەن. جگە لەوەش، ڕۆنە بۆندارەکانی ناو ئەم گیایانە، لە کاتی جویندا بۆنێکی خۆش و فێنک هاوشێوەی بنێشت و حەبە فێنککەرەوەکان بە دەم دەبەخشن.
چەرەسات و تۆوەکان
تۆوی کولەکە، کاشۆ، تۆوی کەتان و گوێز، بڕێکی زۆر لە زینک، ئۆمێگا 3 و ڤیتامین (E)یان تێدایە.
زینک ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی تەندروستیی پێست و کەمکردنەوەی چالاکیی ئەو بەکتریایانەی کە بۆنی ئارەقە توند دەکەن.
هەروەها "تۆوی ڕازیانە" یارمەتیدەرێکی بێوێنەیە بۆ پاککردنەوەی ددانەکان و باشترکردنی بۆنی گشتیی جەستە.
ئەو خۆراکانەی پێویستە لێیان دووربکەویتەوە:
پسپۆڕان ئامۆژگاری دەدەن کە زیادەڕۆیی نەکرێت لە خواردنی گۆشتی چەور، پیاز و سیر، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر توندیی بۆنی ئارەقە هەیە.
هەروەها خۆراکە پرۆسێسکراوەکان (Processed foods) کە ڕیشاڵیان کەمە، دەبنە هۆی تێکچوونی هەرس و دروستبوونی بۆنی ناخۆش لە جەستەدا.
