نوێنەرانی پارێزگا هەژارەکەی عێراق هاوپەیمانییەکیان لە پەرلەمان ڕاگەیاند
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ یەکخستنی کار و بەدواداچوون بۆ کێشەکانی پارێزگای زیقار، 17 پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی عێراق، پێکهێنانی "هاوپەیمانیی نوێنەرانی زیقار"ـیان راگەیاند.
مورتەزا ئیبراهیمی، یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە، پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییەی بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و وەک خۆی گوتی "ئامانج لەم کارە یەکخستنی دیدگای پەرلەمانتارانی شارەکەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران. هەروەها چاودێریکردنی وردی دۆسیەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانە، ئەو دۆسیانەی ساڵانێکی زۆرە پارێزگاکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت."
ئیبراهیمی گوتیشی، هاوپەیمانییەکە چوارچێوەیەکی کرداری و رێکخراوە بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی زیقار لەناو دامەزراوەی یاسادانان. کاردەکەن بۆ گۆڕینی داواکارییەکانی هاووڵاتییان بۆ بڕیار و یاسای پابەندکەر.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، قۆناغی داهاتوو جموجۆڵێکی پەرلەمانیی بەکۆمەڵ بەخۆیەوە دەبینێت، ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئازار وکارە لەپێشینەکانی شارەکەیان دەبێت. ئەمەش لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان و دارایی و دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتییە بۆ گرفتەکان.
پارێزگای زیقار، بە ناوەندێتی شاری ناسریە، یەکێکە لە پارێزگا دەوڵەمەندەکانی عێراق بە سامانی نەوت و گاز، بەڵام هاوکات یەکێکە لەو پارێزگایانەی بەرزترین ڕێژەی هەژاریی تێدایە. بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی هەژاری لەم پارێزگایە گەیشتووەتە 40%، ئەمەش لە کاتێکدایە چەندان کۆمپانیای گەورەی بواری وزە کاری تێدا دەکەن.
دانیشتووانی زیقار ساڵانێکی زۆرە بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن. پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەت لە سێکتەرەکانی پەروەردە، تەندروستی و ڕێگاوبان، یان هەر دەستیان پێ نەکراوە یانیش بە نیوەناچڵی بەجێهێڵدراون. ئەمەش وایکردووە قوتابخانەی قوڕین و سێ دەوامی بوونی هەبێت و نەخۆشخانە و پردەکان کەمبن.
جگە لەمانە، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی یەکێکی ترە لە کێشە گەورەکانی پارێزگاکە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ساڵانی 2007 تا ئێستا، لە کۆی 315 پرۆژە، تەنیا 52 پرۆژە تەواو کراون، زۆربەی پرۆژەکانی دیکەش بە "وەهمی" ناوبراون و بوونەتە هۆی بەفیڕۆچوونی ملیارەها دینار. پێکهێنانی ئەم هاوپەیمانییە لە کاتێکدایە خەڵکی پارێزگاکە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانیان.
