هەسەدە و هاوپەیمانان دوو ئەندامی داعشیان لە ڕەقە دەستگیر کرد
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی ئاسمانیی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، دوو ئەندامی شانە نێهێنییەکانی داعش لە گوندەکانی ڕەقە دەستگیر کران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئۆپەراسیۆنەکە لە ڕێگەی دابەزینی ئاسمانییەوە لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەقە ئەنجامدراوە، تێیدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی دەستێوەردانی خێرا بەشدار بوون.
ڕوانگەی سووری ئامارێکی وردی ساڵی 2025ـی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە؛ ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێرشەکانی پەرەپێداوە. بەگوێرەی ئامارەکە؛ ژمارەی هێرشەکان 241 هێرشی چەکداری، بۆردومان و تیرۆرکردن ئەنجامدراون. هەروەها کۆی گشتیی کوژراوان 106 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون؛ 74 کارمەندی سەربازیی هەسەدە و هێزە پەیوەندیدارەکان. 16 هاووڵاتی مەدەنی. 15 ئەندامی ڕێکخراوی داعش. یەک کەس کە هاوکاری هەسەدە بووە.
ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی داعش لە ساڵی 2018ەوە کۆنترۆڵی جوگرافیی لەدەستداوە، بەڵام ئێستا سوود لە زەوییە سەختەکان و کەلێنە ئەمنییەکان دەبینێت بۆ ئەنجامدانی بۆسە و بۆردومان. هەروەها ڕێکخراوەکە دەستی کردووەتەوە بە هەڕەشەکردن لە خەڵکی مەدەنی و سەپاندنی "زەکات" بەسەریاندا بۆ دابینکردنی دارایی بۆ چالاکییەکانی.
ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەی هەسەدە و هاوپەیمانان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندان بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی داعش و ڕاوەدوونانی شانە نێهێنییەکانیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
