ئەمەریکا سزاکانی سەر ڤەنزوێلا توندتر دەکات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بۆ سەر حکوومەتی کاراکاس، زنجیرەیەک سزای نوێی ڕاگەیاند؛ تێیدا چوار کۆمپانیای گواستنەوە و چوار کەشتیی نەوتهەڵگری کردووەتە ئامانج.

سزاکانی واشنتن تەنیا لە ئاستی کەسایەتییەکاندا نەمیناوەتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ستراتیژی کەرتی وزەی ڤەنزوێلای کردووەتە ئامانج. بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەشەکی بەسەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکاندا، ئەمەریکا هەوڵ دەدات سەرچاوەکانی داهاتی وزەی ئەو وڵاتە وشک بکات، تا ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی ئەو داهاتانە بۆ پشتگیریکردنی چالاکییەکانی حکوومەت.

پەرەسەندنی ئەم گرژییانە کاریگەریی کردووەتە سەر وڵاتانی دراوسێش؛ بۆ نموونە دەوڵەتی "ترینیداد و تۆباگۆ" ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لۆجستی و کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی بەڕووی هێزەکانی ئەمەریکادا، ئەمەش ململانێی نێوان واشنتن و کاراکاسی بردووەتە قۆناغێکی نوێی ناوچەییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، حکوومەتی ڤەنزوێلا ئەم ڕێوشوێنانەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند؛ ئەمە "هێرشێکی بە ئەنقەستە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکەیان".

لەم مانگەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی گەمارۆدانی هەموو ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی دەرکرد، مامەڵە لەگەڵ ڤەنزوێلا دەکەن. لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا و لە نزیک کەناراوەکانی ڤەنزوێلا، ڕێگرییان لە چەندین کەشتی کردووە؛ گومانی گواستنەوەی نەوتیان لێ دەکرێت.

ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن دوای ئەوە دێت لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا، گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حەوت کەسایەتیی نزیک لە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەیدا سەپاندبوو. ئەمەریکا ئامانجیەتی لە ڕێگەی ئەم سزایانەوە فشارەکان بۆ سەر ئەو دەسەڵاتە زیاد بکات کە واشنتن بە ڕژێمێکی ناپاک و تێوەگلاو لە بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و سپیکردنەوەی پارە وەسفی دەکات.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل