ساڵی ڕابردوو 9 حاڵەتی لەدایکبوونی "سییانە" لە سلێمانی تۆمار کراون
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماری ساڵی 2025ی لەدایکبوونی منداڵانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا نزیکەی 10 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی منداڵبوونی شارەکە لەدایکبوون.
بە گوێرەی ئامارەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی کانوونی دووەمی 2026، بڵاوبووەتەوە، ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتی 9,848 منداڵ لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی فریاكەوتنی فێركاری سلێمانی لە دایك بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەنێو ئەو منداڵانەی لەدایکبوون، 5,096 منداڵیان لە ڕەگەزی نێر (کوڕ) بوون و 4,752 منداڵیشیان لە ڕەگەزی مێ (کچ) بوون.
سەبارەت بە شێوازی لەدایکبوونەکان، تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، 5,528 منداڵ بە شێوەی سروشتی هاتوونەتە دنیاوە، لە بەرانبەریشدا 4,320 حاڵەتی لەدایکبوون لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەوە ئەنجامدراون.
ئامارەکە تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ساڵی ڕابردوو، 179 حاڵەتی لەدایکبوونی "دووانە" و 9 حاڵەتی لەدایکبوونی "سییانە" لە هەمان نەخۆشخانە تۆمارکراون.
هاوکات، نەخۆشخانەی منداڵبوونی فێركاری سلێمانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پەستانی زۆری لەسەر بووە، بە جۆرێک 42,723 نەخۆش سەردانیان کردووە، لەو ژمارەیەش 13,101 نەخۆش لە نەخۆشخانە داخڵ کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
