ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕستانی ڕۆژنامەنووسان

لە نێوان گولـلە و شیشی زیندانەکاندا، ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە ساڵی 2025دا خنکێنرابوو. لە لایەک 128 ڕۆژنامەنووس لە بەرەکانی جەنگ و ڕووداوەکاندا کوژراون، لەلایەکی دیکەشەوە 533 ڕۆژنامەنووس لە تاریکایی زیندانەکاندان، کە پشکی شێری گرتنەکان بەر وڵاتی چین کەوتووە، ئەمەش "زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی میدیا

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ ساڵی 2025، ئامارێکی مەترسیداری بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە 128 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی میدیایی لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون. ئەم ئامارەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو نیشان دەدات بەراورد بە ساڵی 2024، کە تێیدا زیاتر لە نیوەی قوربانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کراون.

ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر دۆخی نالەباری ڕۆژنامەنووسان لە خاکی فەڵەستین، کە تەنیا لە ساڵی 2025ـدا 56 میدیاکار تێیدا کوژراون.

لای خۆیەوە ئەنتۆمی بێلانگەر، ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "تۆمارکردنی ئەم ژمارە زۆرەی قوربانییان لە ماوەیەکی کورت و لە ڕووبەرێکی جوگرافیی سنوورداردا، ڕووداوێکە پێشتر هاوشێوەی نەبووە"

سەرباری فەڵەستین، لیستەکە وڵاتانی یەمەن، ئۆکرانیا، سوودان، پیرۆ و هیندستانیشی گرتووەتەوە، کە شاهێدی کوژرانی ڕۆژنامەنووسان بوون.

بێلانگەر جەختی لەوە کردەوە، ئەم ئامارانە تەنیا ژمارە نین، بەڵکوو زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەرانسەری جیهان. هەروەها هۆشداریی دا کە "بە بێ بوونی دادپەروەری و سزادانی تاوانباران، بكوژانی ڕۆژنامەنووسان زیاتر دەستکراوە دەبن و ئەم تاوانانە زیاتر دەبن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، نیگەرانیی قووڵ دەربڕدراوە بەرانبەر بە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ئێستا لە زینداندان، کە ژمارەیان گەیشتووەتە 533 کەس. ئامارەکان دەریدەخەن کە زیاتر لە چارەکێکی ئەم زیندانیکراوانە لە چین و هۆنگ کۆنگ دەستبەسەر کراون.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل