کەشناسی دهۆک: لە کانی ماسێ 45 سانتیمەتر بەفر باریوە
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی دهۆک، ئاماری باران و بەفربارینی 24 کاتژمێری ڕابردووی سنووری پارێزگاکەی بڵاوکردەوە؛ بەگوێرەی ئامارەکان لە شارەدێی کانی ماسێ زۆرترین بەفر باریوە و لە نێو سەنتەری شاری دهۆکیش بارانێکی باش باریوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کەشناسی دهۆک، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە شارەدێی کانی ماسێ سەر بە پارێزگای دهۆک، 45 سانتیمەتر بەفر باریوە، هاوکات لە نێو سەنتەری شاری دهۆکیش بڕی 20.6 ملیمەتر باران باریوە.
چەکدار جەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە دهۆک ڕایگەیاند؛ سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکانی سنووری پارێزگاکە بە ڕووی هاتوچۆی هاووڵاتییاندا کراونەتەوە، زۆربەی ڕێگە لاوەکییەکانیش پاککراونەتەوە و تەنیا چەند شوێنێکی کەم ماون کە تیمەکانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبان سەرقاڵن تاوەکو ئەو شوێنانەش بە تەواوی پاک بکەنەوە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی دیمەنێکی جوان، هاووڵاتییان بۆ مەبەستی گەشت و بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن، بەتایبەت ناوچەی "سوارە تووکە" کە یەکێکە لە ناوچە بەرز و بەفرینەکان و لە ئێستادا ڕێگەکانی بە ڕووی گەشتیاراندا کراوەن.
سەرەڕای کردنەوەی ڕێگاکان، هۆشداری دەدرێتە شۆفێران و هاووڵاتییان کە بە وریاییەوە شۆفێری بکەن، چونکە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما لە زۆرێک لە ڕێگەکان "شەختە" دروستبووە و بەفریش لە هەردوو دیوی شەقامەکان ماوە، بۆیە پێویستە بۆ سەلامەتیی گیانی خۆیان، لە کاتی هاتوچۆدا لەسەرخۆ بن.
