توركيا ورده‌كاری له‌باره‌ی كنه و پشكنینه‌كانی له ده‌ریای ناوه‌ڕاست بڵاوكرده‌وه

K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی "ئه‌نادۆڵ"ی توركی، بڵاویكرده‌وه، بۆ ماوه‌ی (82) رۆژ، له‌كاتی گه‌ڕان و كنه و پشكنین به‌دوای سه‌رچاوه‌كانی وزه‌دا له ده‌ریای ناوه‌ڕاست، هێزی ده‌ریاوانی توركیا هاوه‌ڵی كه‌شتی "ره‌ئیس عه‌روج"ی كردووه.
به‌گوێره‌ی ئاژانسه توركییه‌كه، له دوو ماوه‌ی جیاوازدا هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا یاوه‌ری كه‌شتیی "ره‌ئیس عه‌روج"ـیان كردووه، یه‌كه‌م جار له ماوه‌ی نێوان (8)ی ئاب بۆ (12)ی تشرینی دووه‌م بووه و جاری دووه‌میش له ماوه‌ی نێوان (11)ی تشرینی یه‌كه‌م بۆ (29)ی هه‌مان مانگ بووه.
ئاژانسی "ئه‌نادۆڵ" ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌شتی جه‌نگی و كه‌شتی ژێرئاوی ماوه‌ی (45) هه‌زار كاتژمێر له ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ئیجه‌دا كنه و پشكنینیان كردووه و بۆ ماوه‌ی (82) رۆژ به‌رده‌وام بووه.
گوتیشی، فڕۆكه و كۆپته‌ری پشكنینی ده‌ریایی، هه‌زار و (170) كاتژمێر پشكنینیان كردووه و (3) هه‌زار و (600) كاتژمێر، تیمی كۆپته‌ری ده‌ریایی، هێزه‌كانی پیاده و فڕۆكه‌ی هێزه‌كانی ده‌ریاوانی پاسه‌وانی پڕۆه‌ژه‌كه‌یان كردووه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، كه‌شتی "ره‌ئیس عروج" گه‌ڕانی له ژێرخاك و ده‌ریا له ده‌ریای ناوه‌ڕاستدا، له (10)ی ئاب ئه‌نجام دا، وه‌زاره‌تی وزه و سه‌رچاوه سرووشتییه‌كانی توركیا، دوای ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌ی، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌شتییه‌ی له (29)ی تشرینی دووه‌مدا راگه‌یاند.
گه‌ڕان و پشكنینی كه‌شتی "ره‌ئیس عه‌روج"، ناڕه‌زایی و ره‌خنه‌ی توندی به‌دوای خۆیدا هێنا، له‌لایه‌ن یه‌كێتی ئه‌ورووپاوه، به‌تایبه‌ت یۆنان و قوبرس، كه هه‌ردوو وڵات بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌ن، توركیا كنه پشكنینی له سنووری ئاوه‌كانیان كردووه.
H.B