لە ئەنبار نرخی ئەمپێرێک کارەبا گەیشتە 30 هەزار دینار

زیاتر لە هەفتەیەکە بەهۆی ڕاگرتنی هاوردەی غازی ئێرانەوە، دانیشتووانی پارێزگای ئەنبار بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وایکردووە نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان بەرز ببێتەوە بۆ سەرووی 30 هەزار دینار و بارگرانییەکی زۆر بۆ خەڵک دروست بێت.

بەهۆی وەستانی ناردنی غاز لە ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی کارەبا، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە ئەنبار بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئەم دۆخە هاووڵاتییانی ناچار کردووە بەتەواوی پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان ببەستن، کە ئەوانیش بەهۆی گرانبوونی سووتەمەنییەوە نرخەکانیان بەرز کردووەتەوە.

ئەبو مستەفا، یەکێکە لە دانیشتووانی شارەکە بە کوردستان24ی گوت: ئێمە تەنیا بە ناو دەزانین کارەبا چییە، خاوەن مۆلیدەکان نرخیان کردووە بە 30 هەزار دینار، خەڵکی هەژار ئەو پارەیە لەکوێ بێنێت؟ حکوومەت و نەوت و غازەکەی لەکوێن؟"

هاوکات ئەبو ئەرکان، هاووڵاتییەکی دیکەی ناڕازییە و ئاماژە بەوە دەکات: لە ساڵی 2003ەوە ئێمە قوربانیی غازی ئێرانین، شەرمە وڵاتێکی خاوەن نەوت بیت و چاوەڕێی غازی وڵاتێکی دیکە بیت، خۆ ئێمەش غازی خۆمان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە خاوەن مۆلیدەکان بەرگری لە خۆیان دەکەن و بە کوردستان 24یان ڕاگەیاندووە، حکوومەت بەشی پێویست گازیان بۆ دابین ناکات و ئەوانیش ناچارن گاز بە نرخی بازرگانی بکڕن.

عومەر عەبدولڕەحمان، خاوەن مۆلیدەیە و دەڵێت: داوا لە حکوومەت دەکەین پشکی گازمان بۆ زیاد بکات، ئێمە باج دەدەین و مۆلیدەکانمان بەردەوام کار دەکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کارەبای نیشتمانی، بەڵام هاووڵاتی تەنیا گرانیی نرخەکە دەبینێت و ئاگای لە تێچووەکەی ئێمە نییە.

چاودێران پێیان وایە ئەم قەیرانە لە چەند پارێزگایەکی عێراق، جارێکی دیکە لاوازیی ژێرخانی کارەبا و مەترسیی پشت بەستن بە وزەی دەرەکی دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا عێراق دەتوانێت وەبەرهێنان لە غازی ناوخۆدا بکات.

هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندبوو، بەهۆی بارودۆخێکی لەناکاوەوە هەناردەکردنی غازی ئێرانی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەتەواوی وەستاوە.

گوتیشی: ئەم بڕیارە بووەتە هۆی لەدەستدانی 4000 بۆ 4500 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وزە، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست کردووە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل