محەممەد ئەمین: دووشەممە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی عێراق دادەخرێت
ڕاوێژکارێکی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، دووشەممەی داهاتوو دەرگای خۆکاندیدکردن دادەخرێت و دوای مانگێک سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، هاوکات هۆشداری دەداتە لایەنە کوردییەکان کە ئەگەر بە یەک کاندید نەچنە بەغدا، ئەوا لایەنەکانی دیکە بە خواستی خۆیان کەسێک دادەنێن کە بەرگری لە مافەکانی کورد ناکات.
هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، محەممەد ئەمین فارس، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، لەمیانی بەشداری باسی ڕۆژی کوردستان24 گوتی: دووشەممەی داهاتوو کۆتا وادەیە بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکات و دوای مانگێک پەرلەمان بەشێوەی هەڵبژاردن و دەنگدان سەرۆکی داهاتووی عێراق دەستنیشان دەکات، کە دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بهێنێت.
ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراق، باسی لەوەش کرد، پێویستە کورد بە یەکگرتوویی و وەک یەکلایەن کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن کەسێک هەڵبژێرن داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی کورد بکات، دەشڵێت: ئەگەر کورد چەند کاندیدێکی هەبێت، ئەوا لایەنێکی دیکە کەسێک هەڵبژێرن کە ڕەنگە ناتوانێت بەرگری لە مافە دەستوورییەکان بکات و بە گوێرەی داواکارییەکانی ئەو لایانە بڕیار دەدات.
محەممەد ئەمین فارس گوتیشی: بەپێی دەستوور ئەو پۆستە پشکی کوردە، هی هیچ حزبێکی دیاری کراو نییە؛ ئاماژەشی دا، سەرۆک بارزانی میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقی دیاری کردووە، کە یان دەبێت لە پەرلەمان بێت یان لایەنە سیاسییەکان لەسەر کەسێک ڕێک بکەون؛ کە بە ڕای من ئەوە باشترین ڕێگە چارەسەرە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی داهاتووی عێراق.
