سوید ڕێکارەکانی تایبەت بە پەنابەران توندتر دەکات
بەگوێرەی پێشبینییەکان و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سوید، ساڵی 2026 ساڵێکی سەخت و پڕ ئاڵنگاری دەبێت بۆ پەنابەران. حکوومەتی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە گۆڕینی یاساکان و کۆچبەران دەڵێن، ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە لە دوورەوە وێنایان بۆ کردبوو.
لە شاری یۆتۆبۆریی سوید، نیگەرانییەکانی پەنابەران و تەنانەت دانیشتووانە دێرینەکانیش بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت. شوان خواجە، خاوەنی قاوەخانە کە 31 ساڵە لەو وڵاتە دژیت، ئاماژە بەوە دەکات کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان سویدی جاران و ئێستادا هەیە.
شوان دەڵێت: سەرەتا کە هاتین ئازادی و ڕێز و هاوکاری هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. ئەو حزبانەی هاتوونەتە سەر دەسەڵات، سیستەمی وەرگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەرانیان بە تەواوی گۆڕیوە و ژیان سەختتر بووە.
لەلایەکی دیکەوە هاروون محەممەد، پەنابەرێکی ئەفغانی کە هەفتانە 40 کاتژمێر کار دەکات و هاوکات زمانیش دەخوێنێت، دەڵێت: لێرە یاساکانی دژ بە کۆچبەران ڕۆژانە دەگۆڕێن، ئەوەش وایکردووە هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا بین و نەزانین چارەنووسمان چی دەبێت.
بەگوێرەی چاودێران، گۆڕانکارییە یاساییەکان چیتر تەنیا پێشنیاز نین و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشبینی دەکرێت ساڵی 2026 ساڵێکی چارەنووسساز و دژوار بێت بۆ بیانییەکان لەو وڵاتە، بەجۆرێک تەنانەت ئەوانەشی ساڵانێکی زۆرە لەوێ دەژین و خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن، ئێستا چاوەڕوانی بڕیاری نوێن کە ڕەنگە لە دژی بەرژەوەندییەکانیان بێت.
