تورکیا هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا چڕ دەکاتەوە

دووشەممەی داهاتوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی گرنگ لە نێوان ئەردۆغان و ترەمپ ئەنجام دەدرێت

لە چوارچێوەی بەردەوامیی جووڵە دیپلۆماسییەکانی ئەنقەرە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتی لەنێوان مۆسکۆ و کیێڤ، سەرۆک کۆماری تورکیا ئاشکرای کرد، کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی جەنگ، پەیوەندی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە دەکات.

هەینی، 2ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای نوێژی نیوەڕۆ، لە لێدوانێکدا، لە شاری ئیستانبوڵ ڕایگەیاند: بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد، سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجام بدات.

بە گوتەی ئەردۆغان،  تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکەی لەگەڵ ترەمپ، بریتین لە؛ دواین پێشهاتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هەروەها پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە دۆزی فەڵەستین.

سەرۆک کۆماری تورکیا جەختی کردەوە، کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان بەردەوامە؛ ئێستا لەسەر هێڵە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرکردەکانی ئەورووپا.

 

نوێنەرایەتیی تورکیا لە پاریس

لە بەشێکی دیکەی هەوڵەکاندا، بڕیارە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە نوێنەرایەتیی ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بەشداری لە کۆبوونەوەی "هاوپەیمانیی ئیرادە" بکات، کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە پاریس بەڕێوە بچێت. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە یەکخستنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

 

دیدارە ئەمنییەکان لە ئەنقەرە

هاکان فیدان، پێش سەردانەکەی بۆ پاریس، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ئەنقەرە پێشوازی لە ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئەمنی و دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ کرا. دواتر عومەرۆڤ لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە دا، کە تورکیا "هاوبەشێکی گرنگە" بۆ ئۆکرانیا و سەکۆیەکی کاریگەرە بۆ گفتوگۆ، هەروەها باسی لە گرنگیی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئۆکرانی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کردووە.

 

ڕۆڵی تورکیا و گرژییەکانی دەریای ڕەش

هاکان فیدان پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە تورکیا لە ساڵی 2025ـدا وەک "کارەکتەرێکی سەرەکی و جێی متمانە" بۆ چارەی قەیرانەکاندا دەرکەوتووە، لە غەززەوە تا ئۆکرانیا. جەختیشی کردبووەوە کە لە ساڵی 2026ـیشدا بە هەمان شێوە درێژە بە سیاسەتی دەرەوەی فرە ڕەهەند و چالاکی خۆیان دەدەن.

دەریای ڕەش لەم هەفتانەی دواییدا، شایەتی گرژی و ئاڵۆزی توند بووە، بە جۆرێک کەشتییە بازرگانییەکان کراونەتە ئامانج و تورکیاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی ئەنقەرە و یەکێکی دیکەی لە پارێزگای کۆجائێلی ڕاگەیاند، کە پێدەچێت ڕووسی بن، ئەمەش نیگەرانییەکانی لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان زیاتر کردووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل