ترەمپ وردەکاریی ساتی دەستگیرکردنی مادۆرۆی ڕاگەیاند

ترەمپ: چیتر نابینە جێگەی گاڵتەجاڕی

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد کە خۆی ڕاستەوخۆ داوای خۆبەدەستەوەدان لە سەرۆکی ڤەنزوێلا کردووە بەڵام ڕەتکراوەتەوە، بۆیە هێزە تایبەتەکان چوونەتە ناو "قەڵا پۆڵایینەکە"ی و دەستگیریان کردووە. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گواستنەوەی مادورۆ و هاوسەرەکەی بۆ نیویۆرک، سەرۆکی ئەو وڵاتە نەخشەی ئیدارەی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی نەوت و دیاریکردنی سەرکردایەتیی نوێی ڤەنزوێلا خستە ڕوو.

شەممە 3ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز"، وردەکاریی ورد و نەبیستراوی لەسەر ساتی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ و شوێنی مانەوەی ئاشکرا کرد.

ترەمپ بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد کە پێش دەستگیرکردنەکە، خۆی ڕاستەوخۆ قسەی لەگەڵ نیکۆلاس مادورۆ کردووە و گوتی: "لە ڕاستیدا خۆم قسەم لەگەڵ کرد، پێم وت دەبێت واز بهێنیت و خۆت بەدەستەوە بدەیت، بەڵام ئەو گوتی نەخێر و داوای دانوستاندی دەکرد، منیش ئەوەم ڕەت کردەوە.

دوای ڕەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان، هێرش کراوەتە سەر شوێنی مانەوەی مادورۆ ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئەو شوێنەی مادورۆی تێدا بووە، خانوویەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو وەک قەڵایەکی سەربازی وابووە و دەرگای پۆڵایینی هەبوو، ژوورێکی تایبەتی پارێزراوی تێدا بوو کە بە تەواوی بە پۆڵا دەوەردرابوو.

سەبارەت بەوەی چۆن مادورۆ دەستگیرکراوە، ترەمپ باسی لەوە کرد، مادورۆ هەوڵی دا ڕابکات بۆ ناو ژوورە پۆڵایینەکە و خۆی حەشار بدات، بەڵام هێزەکانمان ئەوەندە بە خێرایی و بە لێشاو چوونە ژوورەوە، ئەو دەرفەتی نەبوو بگاتە ئەو شوێنە.

ترەمپ جەختی کردەوە، بە دڵنیاییەوە هیچ سەربازێکی ئەمەریکی نەکوژراوە، تەنیا چەند بریندارێکی کەم هەبوون و یەکێک لە هەلیکۆپتەرەکان بەرکەوتنی هەبووە بەڵام توانیویەتی بگەڕێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنەکە بەهۆی هەور و کەشوهەواوە چوار ڕۆژ دواخراوە تا کاتێک کەشوهەوا تەواو گونجاو بووە.

ترەمپ هێرشەکەی بە "جەنگ" ناو برد و پاساوەکەی گەڕاندەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی ئەوانیش ماددە هۆشبەرەکان کە ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی 300 هەزار کەس، لەگەڵ ناردنی تاوان باران بۆ وڵاتەکەی، ترەمپ گوتیشی: ئەوەی بەرانبەر وڵاتەکەمان کردیان لێخۆشبوونی نییە؛ ئەوان بە سەدان هەزار زیندانی مەترسیدار، نەخۆشی دەروونی و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانیان دەنارد بۆ ناو ئەمەریکا.

هەروەها ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بە بەهێزی دەچێتە ناو دۆسیەی ڤەنزوێلاوە و بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی نوێی هەم لە بڕیاری سیاسی و هەم لە کەرتی نەوتدا وڵاتەکە دەدەن، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی ئازادی بۆ گەلی ڤەنزوێلا. 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش دا، ئێمە ئێستا بڕیار لەسەر داهاتوو دەدەین. ڕیسک ناکەین بەوەی ڕێگە بدەین کەسێکی تر بێتە شوێنی و هەمان ڕێچکەی ئەو بگرێت. ئێمە زۆر بەقووڵی تێوەدەگلێین بۆ گەڕاندنەوەی ئازادی، خەڵکی ڤەنزوێلاش دڵخۆشن چونکە لەژێر دەستی دیکتاتۆرێک یان خراپتردا بوون. گوتیشی: تاوتوێی ئەوە دەکەین ئاخۆ دەکرێت ماریا کۆرینا ماچادۆ سەرکردایەتی بکات.

ترەمپ ئەم ئۆپەراسیۆنەی بەستەوە بە گێڕانەوەی شکۆی ئەمەریکا و گوتی: "ئەمە بەراورد بکەن بە ئەفغانستان کە تێیدا ببووینە جێگەی گاڵتەجاڕی هەموو جیهان. ئێمە چیتر جێگەی گاڵتەجاڕی نین. دەشڵێت: ئەمە پەیامێکە بۆ جیهان کە چیتر وەک وڵاتێک یاری بە ئێمە ناکرێت و پاڵمان پێوە نانرێت، ئێمە بەهێزترین سوپا و کەرەستەی سەربازیمان هەیە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەوەشی خستە ڕوو، هەچەندە هێرشی یەکەم زۆر کوشندەبوو، بەڵام سوپاکەیان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشی دووەم دەکەین.

ترەمپ بۆ یەکەمجار ڕێڕەوی گواستنەوەی مادورۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، دوای دەستگیرکردنی لەو شوێنەی کە وەک "قەڵای پۆڵایین" وایە، مادورۆ و هاوسەرەکەی بە هەلیکۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ سەر کەشتیی جەنگیی (USS Iwo Jima)ی ئەمەریکی.گوتی: ئەوان ئێستا لەسەر کەشتییەکەن، بەڵام بەرەو شاری نیویۆرک دەگوازرێنەوە، چونکە لەوێ دۆسیەیان لەسەر کراوەتەوە و تۆمەتبار کراون.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە چەند کاتژمێرێک پێش هێرشەکە شاندێکی باڵای چین لەگەڵ مادورۆ کۆبوونەتەوە، ترەمپ گوتی: من ئاگاداری ئەوە نیم، بەڵام پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ شی جینپینگ سەرۆکی چین هەیە و هیچ کێشەیەک دروست نابێت. ئەوان نەوتیان دەست دەکەوێت و ئێمەش ڕێگە دەدەین خەڵک نەوتیان دەست بکەوێت.

سەبارەت بەوەی ئایا پشتیوانی ماریا کۆرینا ماچادۆ دەکات بۆ سەرۆکایەتی، ترەمپ گوتی: ئێمە ئێستا سەیری دۆخەکە دەکەین، ئەوان جێگری سەرۆکیان هەیە.

لە بەراوردێکی سەیردا، ترەمپ شەرعییەتی هەڵبژاردنەکانی ڤەنزوێلای بەستەوە بە سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا و گوتی: هەڵبژاردنەکەی مادورۆ ئابڕووچوون و شەرمەزاری بوو، ڕێک وەک ئەوەی هەڵبژاردنی 2020ی ئێمەش لە ئەمەریکا ئابڕووچوون بوو. بەڵام هەڵبژاردنی 2024 زۆر گەورەتر بوو لەوەی بتوانن ساختەکاری تێدا بکەن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل