سەرۆکی بەڕازیل: بۆردومانی ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی مادۆرۆ پێشینەیەکی مەترسیدارە

لویس داسیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل
لویس داسیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل

سەرۆکی بەڕازیل، وێڕای سەرکۆنەکردنی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا، هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتەشی بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان پێناسە کرد. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، هێرشەکەی سەر ڤەنزوێلا، هەڕەشەیە بۆ سەر مانەوەی ئەمەریکای لاتین وەک ناوچەیەکی ئارام.

شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، لویس داسیلڤا، سەرۆکی بەڕازیل، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ئەو وڵاتەی کرد.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، بۆردومانکردنی خاکی ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی، کارێکی قبووڵنەکراوە و پێشینەیەکی مەترسیدارە.

سەرۆکی بەڕازیل، دەڵێت: ئەم کردەوانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی ڤەنزوێلا و پێشینەیەکی مەترسیداری دیکەن بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها هێرشکردنە سەر وڵاتان بە شێوەیەک کە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی بێت، هەنگاوی یەکەمە بەرەو جیهانێک کە توندوتیژی و پشێوی و ناسەقامگیری باڵی بەسەردا دەکێشێت.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، سەرکۆنەکردنی بەکارهێنانی هێز، هاوتایە لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی کە بەڕازیل هەمیشە لەگەڵ وڵاتان و ناوچەکانی دیکە گرتوویەتییە بەر. ئەم کارە خراپترین ساتەکانی دەستوەردانە لە سیاسەتەکانی ئەمەریکای لاتین و هەڕەشەیە بۆ سەر مانەوەی ناوچەکە وەک ناوچەیەکی ئارام.

لە کۆتاییدا سەرۆکی بەڕازیل جەختی لەوە کردەوە کە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە توندی وەڵامی ئەم ڕووداوانە بداتەوە.

گوتیشی: بەڕازیل هیچ کاتێک لەگەڵ توندوتیژی و هێرشی سەربازی نەبووە، هەروەها وڵاتەکەمان هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ پەرەپێدانی گفتوگۆ و هاوکاریی هاوبەش دووپات دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا، بە چڕی کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆمباران کرد. دوا بە دوای هێرشەکان، ڤەنزوێلا باری نائاسایی ڕاگەیاند و داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لە بارەی هێرشەکانی ئەمەریکا ئەنجام بدات. 

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سەرۆکی ڤەنزوێلا و خێزانەکەی دەستگیر کراون و لە وڵاتەکە براونەتەوە دەرەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل