هۆشیار زێباری: ڕووداوەکانی سەرەتای ساڵ ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی مەترسیدار لە جیهاندا
"شەڕی هەژموون و دەستگیرکردنی سەرۆکەکان سەرەتایەکن بۆ قۆناغێکی سەختتر"
ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئاڵۆزی جیهان لە سەرەتای ساڵی 2026ـدا کرد و ڕایگەیاند، ئەو ڕووداوە ئەمنیی و سیاسییانەی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان ڕوودەدەن، ئاماژەی مەترسیدارن بۆ داهاتوو.
شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس)، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەتای ساڵی 2026 دەستپێکێکی سەخت و دژوار بوو بۆ جیهانی نوێ.
زێباری لە پەیامەکەیدا، تیشکی خستووەتە سەر زنجیرەیەک قەیرانی جیهانی و ناوچەیی کە بەیەکەوە گرێ دراون. هاوکات دیمەنە گشتییەکەی جیهانی بەم شێوەیە وێنا کردووە؛ کە لە شەڕی سەپاندنی هەژموون و باڵادەستی لە باشووری یەمەن و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لە ئێرانەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەمەریکا لە ڤەنزوێلا، کە تێیدا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بروسکەئاسادا سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستگیر کرا.
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، هۆشداریشی داوە لەوەی کە ئەم ڕووداوانە بەسەر یەکەوە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە هەرێمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامێکی ڕوونیان پێیە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە داهاتوو ڕووداوی گەورەتر و مەترسیدارتری لە هەگبەدایە.
بداية عام ٢٠٢٦ بداية صعبة على العالم الجديد. فمن الحرب في جنوب اليمن على النفوذ و من الاحتجاجات في ايران و إلى المواجهة الأمريكية في فنزويلا و اعتقال رئيسها في عملية عسكرية أمريكية خاطفة و توترات التصعيد الإقليمي في الشرق الأوسط تنبئ بان القادم اعظم.
— Hoshyar Zebari (@HoshyarZebari) January 3, 2026
ئەم قسانەی زێباری لە کاتێکدایە، کە دۆخی جیۆپۆڵەتیکی جیهان لەبەردەم گۆڕانکاریی خێرا و پێشبینینەکراو دایە، بە تایبەت دوای دوایین جووڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ئەمەریکای لاتین و بەردەوامیی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
