ئەمەریكا دەستی بە قۆناغێكی نوێی دانوستانی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان كردهوه
شاندە ئەمەریكییەكە پەیوەندیی به ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی و یەكێتی نیشتیمانی كوردییهوه كردووە، بۆ خۆئامادەكردن بۆ دەستپێكردنی قۆناغی نوێی دانوستان

K24 – ھەولێر:
شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان، بە مەبەستی سەرپەرشتیكردنی قۆناغی نوێی دانوستان لە نێوان ھەردوو جەمسەری بزووتنەوەی سیاسی كوردی لەو ناوچەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ئاژانسی شەفەق نیۆزی راگەیاند، "شاندە ئەمەریكییەكە پەیوەندیی به ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی و پارتی یەكێتی نیشتیمانی كوردییهوه كردووە، بۆ خۆئامادەكردن بۆ دەستپێكردنی قۆناغی نوێی دانوستان لە نێوان ھەردوو لایەنەدا".
سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی "نوێنەری نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە باكوور و رۆژھەڵاتی سووریا لە سەرەتادا چاوپێكەوتنی رێخۆشكەر بە جیا لەگەڵ ھەر یەك لهو دوو لایهنه ئەنجامدەدات، بهر لهوهی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوانیاندا دەستپێبكات".
دانوستانەكانی نێوان لایەنە كوردییەكان ھەندێك وەستانی بەخۆیەوە بینی و مەزلوم عەبدی، فەرماندەی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە چاوپێكەوتنی تەلەڤزیۆنیدا ھۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ ئامادەنەبوونی ئەنجوومەنی كوردی لە ناوچەكە و ئەو گۆڕانكارییانەی لە شاندی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا روویداوه و بووە ھۆی دووركەوتنەوەی لە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر.
ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی لە ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی (ئەنەكەسە)، سلێمان ئۆسێ لە چاوپێكەوتنێكدا بە ئاژانسی شەفەق نیۆزی راگەیاندبوو، دانوستانەكانی نێوان ھەردوولا لە ھەندێك بواردا پێشكەوتنی باشی بەخۆیهوە بینیوە و رەتیكردەوە گەیشتبێتە رێگایەكی داخراو.
دانوستانەكانی نێوان ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی و پارتی یەكێتی دیموكراتی لە سەرەتای نیسانی رابردووە دەستیپێكرد، بە چاودێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و بە سەرپەرشتی فەرماندەی ھەسەدە، مەزلووم عەبدی، بەئامانجی چارەسەركردنی ناكۆكییە قووڵەكانی نێوان ھەردوو جەمسەری بزووتنەوەی سیاسی كوردی لە سووریا و گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێك، كە ئەنجوومەنی كوردی بەشداری لە بەرێوەبەرایەتی خۆسەردا بكات.