پەیامێك لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

مه‌سرور بارزانی: ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە

K24- هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوو و دروستبوونی تووندووتیژی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌ك و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گای حزبی و سووتاندنیان بڵاوکردەوە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، کەچی بەداخەوە خەڵکانێك دەیانەوێ بژێوی خەڵك بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هەوڵی تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن.

بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی رەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای رەوای خەڵك، بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە گەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان، بە خۆپێشاندەرانیشەوە، رێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندوتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش رووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان، کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە. هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامیی و قەوارەی هەرێمی كوردستان، کە ئەرکی هەموومانه‌.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/12/7

Fly Erbil Advertisment