ئۆزبەكستان 25 ئافرەت و 73 منداڵی لە خێزانەكانی داعش لە سووریاوە گەڕاندەوە وڵاتەكەیان
ئۆزبەكستان لە ساڵی رابردوو 220 ئافرەت و منداڵی لە سووریاوە گەڕاندەوە وڵاتەكەیان

K24 – ھەولێر:
حكومەتی تاشقەند رایگەیاند، ئۆزبەكستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 25 ئافرەت و 73 منداڵی لە سووریاوە گەڕاندەوە وڵاتەكەیان، كە لە كەمپەكاندا لەگەڵ خێزانەكانی دیكەی چەكدارانی رێكخراوی داعش دەژیان.
بەپێی ههواڵێكی رۆیتەرز، ئەوانەی گەڕێنراونەتەوە، دەخرێنە نێو یەكەم دامەزراوەی پزیشكی و دواتر ھاریكاری بەدەست دێنن بۆ كار و شوێنی نیشتەجێبوون.
گەرچی ھێشتا دەستنیشان نەكراوە لە كوێ دەژین، بەڵام "دۆخی پێویست و لەباریان بۆ دابین دەكەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاشتەوایی و خۆگونجاندن بە شێوەیەكی تەواو لەگەڵ كۆمەڵگهدا".
سەرچاوەیەك لە حكومەتی ئۆزبەكی مانگی رابردوو گوتبووی: بە دەیان كەس لە نهژادی ئۆزبەكی لە كەمپەكانی ھۆڵ و رۆژ لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا "رۆژئاوای كوردستان" لە ژێر دەسەڵاتی كورد ماونەتەوە و "لە رەوشێكی خراپدا دەژین".
لە كاتێكدا زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوا، خۆیان لە قەرەی گەڕاندنەوەی ھاووڵاتیان نادەن لە ترسی ئەگەری روودانی ھێرشەكان، كەچی ئۆزبەكستان لە ساڵی رابردوو 220 ئافرەت و منداڵی لە سووریاوە گەڕاندەوە وڵاتەكەیان. ھیچ راپۆرتێكی نوێش باس لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ناكات.
سەرچاوە: "رۆیتەرز"