دەستەی دەستپاكی: گەندەڵی ھێشتا ھەڕەشەیەكی مەترسیدارە

"کابینەی نۆیەم قۆناغی باشی بڕیوە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی"

K24 – ھەولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی جیھانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەستەی دەستپاکی گفتوگۆیەکی فراوانی دەستپێکردووە لەسەر ڕێنوێنی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کە بەمەترسی لەسەر رەوتی چاکسازی وەسفی دەکەن.

گفتوگۆی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەڕێوەچوو، ھەموویان کۆدەنگن لەسەر ئەوەی گەندەڵی بووەتە پەتایەکی مەترسیدار و ھەڕەشەیەکی جددییە لەسەر دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان. ئەو دۆخەی لە ھەرێمی کوردستانیش ھەیە لێکەوتەی تاوانی گەندەڵییە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان باسی ناوەڕۆکی ڕێنیوێنیەکەی كرد و  گوتی: کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆی داڕشتنی ڕێنماییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە، بەشێوەیەک کە ڕێنماییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەخەینە ناو داواکارییەکانمان و دواتر وەک ڕێنمایی بە فەرمی بڵاو دەکرێنەوە تا ھەموو دامودەزگاکانی حکومەت پەیڕەوی بکەن. جێبەجێکردنی ھەموو بڕگەکانی یاسای چاکسازیش بە ھۆکاری نەمانی گەندەڵی دەزانێت.

ھەروەھا گوتی: مەترسیدارترین بەشی گەندەڵی  بەرژەوەندی كه‌سییه‌، بۆیە ئەم رێنوێنییە بۆ ئێستای ھەرێمی کوردستان گرنگە.

ئێستا یاسای چاکسازی لە کوردستان لە جێبەجێكردن دایە، بەڵام ھێشتا گەندەڵی یەکێکە لە بابەتە مەترسیدارەکانی دەستەی دەستپاکی ھەرێمی کوردستان و ھەموو دەزگاکانیش راسپێردراون کار لەسەر یاسای چاکسازی بکەن.

سەعید ھەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: کابینەی نۆیەم قۆناغی باشی بڕیوە لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەو ڕێنوێنییەش ھەنگاوێکی باشە چونکە تا ئێستا لە عێراق نیە.

دەستەی دەستپاکی پێی وایە لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکاندا ئێستا جۆری گەندەڵی گۆڕاوە بۆ بەرژەوەندی کەسی، ئەوان دەیانەوێت بەم ڕێنوێنییە سزای زیاتر بۆ ئەو کەسانە دابنرێت کە بەرژەوەندی خۆیان دەخەنە پێش بەرژەوەندی گشتی. کاریش بۆ ئەوە دەکەن ڕێکارەکانی یاسای چاکسازی خێراتر جێبەجێبکرێت.