دەزگای خێرخوازی بارزانی: ئامادەکاریمان بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان کردووە
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەڵمەتێکی مرۆییی بەپەلەدا، دەستی کرد بە گەیاندنی هاوکاریی خۆراک و چارەسەری پزیشکی بۆ ئاوارەکانی عەفرین و دەوروبەری.
ئەمڕۆ 9ی کانوونی دووەمی 2026، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە دەزگاکە بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: تیمەکانیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پێشوازیکردن لەو خێزانە کوردانەی بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەوە ئاوارە بوون، جەختیشی کردەوە کە سەرجەم پێداویستییە لۆجیستییەکان بۆ پشتیوانیکردنی خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان دابینکراوە.
ڕەواج حاجی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامادەکاریی تەواو کراوە بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کە پێشبینی دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا ڕوو لە زیادبوون بکەن، بۆ ئەم مەبەستە، بڕیاردراوە هەر ئەمڕۆ ژەمە خواردنی گەرم بۆ نزیکەی سێ هەزار خێزانی ئاوارە دابین بکرێت، هاوکات تیمە تەندروستییەکانی دەزگاکە دەستیان بە گەڕان لە ناو کەمپەکاندا کردووە بۆ چارەسەرکردنی خێرای نەخۆش و بریندارەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست بۆیان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە ماوەی سێ ساڵە تیمی جێگیری لە شاری عەفرین هەیە، ئێستا لە ڕێگەی 50 کارمەند و خۆبەخشەوە سەرپەرشتی پڕۆسەی هاوکارییەکان دەکات، بەرپرسانی دەزگاکە دووپاتیان کردووەتەوە هیچ کێشەیەکی لۆجیستییان نییە و سەرجەم پێداویستییەکان لە ناوخۆی ناوچەکە دابین کراون تا بە زووترین کات بگەنە دەستی لێقەوماوان.
ئەم جووڵە مرۆیییە فراوانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کاتێکی هەستیاردایە کە ڕۆژئاوای کوردستان بە قۆناغێکی سەختی ئەمنی و مرۆییدا تێدەپەڕێت، دەزگاکە وەک یەکێک لە چالاکترین ڕێکخراوە مرۆیییەکان، هەمیشە لە کاتی تەنگانەدا وەک یەکەمین فریاگوزار گەیشتووەتە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و ناوچەکە، ئەم هەوڵانە نەک تەنیا بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانە، بەڵکو پەیامێکی نەتەوەیی و مرۆیییە بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی سڤیل و پاراستنی کەرامەتی ئەو هاووڵاتیانەی کە بەهۆی ململانێ سەربازییەکانەوە دووچاری ئاوارەیی و دەربەدەری بوونەتەوە.