داواكاری گشتی: سووتاندنی باره‌گاكان كارێكی تێكده‌رانه‌یه‌

"هێرشكارانی سه‌ر موڵكی گشتی سزا ده‌درێن"

K24 – ھەولێر:

سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆماردەکەین؛ كه‌ هێرشیان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و سووتاندوویانە یان تاڵانیان کردووە، گوتیشی: نووسینەگەکانی داواکاری گشتییان راسپاردووە، بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانەکان و ئەو کەسانەش کۆبکەنەوە، کە هێرشیان کردووەتە سەر موڵکی گشتی.

 پسپۆرێکی یاسایش دەڵیت: زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی بە گوێره‌ی یاسای سزادانی عێراقی سزاى ده‌بێت.

له‌كاتێكیشدا ژمارەیەك چەکدار و ھێرشکار هه‌ڵیانكوتایه‌ فەرمانگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی، جگە لە زیان پێگەیاندنیان سووتێنرانیش، خەڵکانێك خزاونەتە ناو خۆپیشاندەران و رەوتەکەیان گۆڕیوە و پەلاماری فەرمانگە حکوومییەکان و بارەگا حزبییەکانیان داوە و کەلوپەلەکانیشیان دزیوە، ئازاد حەسەن، سەرۆکی داواکاری گشتی ھەرێمی کوردستان گوتی: نووسینگەکانمان راسپاردووە، بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانەکان کۆبکەنەوە و ئەو کەسانەی ھێرشیان کردووە بدرێنە دادگا.

بەپیێ ماددەی 197 له‌ یاسای سزادانی عێراقی، ئەگەر ھەر خۆپیشاندانێك ببێتە ھۆی زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی، ئەو خۆپیشاندەرە سزا دەدرێت. سزاکەشی لە دەستگیرکردن تا قورسترینی دیاریکردوە، بەپێ ئەو یاسایەش کە ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان دیاریکردووە، ئەم خۆپیشاندانانە دەچنە چوارچێوەی توندوتیژی دژی یاسا.

لە دیمەنی ھێرشەکاندا دەردەکەوێت، بەشێك لەو کەسانە جگە لە سووتاندنی موڵکی گشتی، کەلوپەلەکانیش دەدزن و بە چەکیش ھێرش دەکەنە سەر بنکە و بارەگا حزبیەکان. بەپێ یاساش سووتاندنی موڵکی گشتی سزای قورسی دەبێت. سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە کۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، توندوتیژی و ئاڵۆزی لە ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی کەس نییە، پشتیوانیی خۆی و حکومەتەکەشی بۆ ئازادیی رادەبرین و داواکردنی ماف لەلایەن ھاووڵاتیانەوە دەربڕی و دووپاتیشیكرده‌وه‌، "بەڵام تەعەدا لە مافی کەسی تریش نەکرێت".