وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا: شەری داعش و رێگری کردن لە ھەوڵە خراپەکانی ئێران و ئەسەد باشترین ھاوکارییە بۆ كورد
ئێران و ئەسەد دەستیان بە رێکخستنەوە و ھاوکاریکردنی پاشماوەکانی داعش کردووە دژی ھەسەدە
K24 – ھەولێر:
جۆیل رەیبێرن، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ سووریا رایگەیاند، ئێران و ئەسەد دەستیان بە رێکخستنەوە و ھاوکاریکردنی پاشماوەکانی داعش کردووە دژی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە).
لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەیدا، لە وەڵامی پرسیاری کۆنگرێسمانێکدا، کە ئایا دەبێت ئەمهریکا چی بۆ کورد لە سووریا بکات؟ رەیبێرن جهخیتکردەوە لەوەی بەردەوامیدان بە شەری داعش و رێگریکردن لە ھەوڵە خراپەکانی ئێران و ئەسەد، کە دەیانەوێت زیان بە کورد بگەیەنن؛ باشترین ھاوکارییە بۆ ھاوپەیمانەکان کە شان بە شانی ئێمە شەری داعشیان کردووە و قوربانیانداوە.
رەیبێرن گوتی:"ئیستا ئێمە لە قۆناغێکداین کە داعش ھێشتا ھەرەشەیە و دەیەوێت خۆی رێکبخاتەوە لە سووریا و عێراقیش. لە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا سوپای ئەمەریکا راستەوخۆ یارمەتی ھێزەکانی سووریای دیموکرات دەدات، مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش کەمترە. واتە نەمانبینەوە کە داعش بتوانێت بگەرێتەوە و ناوچەیەك داگیر بکات؛ بەڵام ناوبەناو ھێرش دەکەن و خەڵکی دەرفێنن و دەیانکوژن".
ھەروەھا گوتی: ھەڕەشەیەکی مەترسیداری دیکە ئەوەیە، رژێمی ئەسەد و ئێران ئێستا پەیوەندییان لەگەڵ ئەو شانانەی داعش ھەیە و ھاوکارییان دەکەن، بۆئەوەی ھێرش بکەنە سەر ھێزەکانی سووریای دیموکرات و بەرژوەندییەکانی ئەمهریکا".
جەختیشیكردەوە لەوەی "باشترین ھاوکاری بۆ کورد لە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا ئەوەیە، گوشارەکانی سەر داعش بەردەوامبن، بۆئەوەی جارێکی دیکە نەتوانێت ببێتەوە بە ھەڕەشە بۆ سەر کورد، کە قوربانیەکی زۆریان داوە بۆ تێکشاندنی".
ئاماژەشیكرد "خاڵێکی دیکە ئەوەیە، ھێز و توانای دیپلۆماسی خۆمان بەکاربھێنین، بۆ ئەوەی سنوورەکانی باکووری سووریا تا بکرێت ئارام و سەقامگیر بن. ھەروەھا رێگری لەو ھەوڵانەی ئێران بکەین، کە دەستیان پێکردووه بۆ تێکدانی دۆخی ئەو ناوچەیە. بۆیە من پێموایەوە لەم کاتەدا ئەمە باشترین ھاوکارییە بۆ کورد لە رۆژھەڵاتی سووریا."