بایرام بۆزیەل: ئەوەی لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ڕوودەدات جینۆسایدە

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی2026، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) و جانۆ ئامەدی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی کوردنشین لە شاری حەلەب ڕاگەیاند.

بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پەسەکە، ڕەوشی ئێستای گەڕەکەکانی (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)ی بە جینۆساید وەسف کرد. ناوبراو جەختی  کردەوە قەبارەی هێرشەکان مەترسیدارن و ڕایگەیاند: "پێویستە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرامبەر ئەم کارەساتەدا هەڵوێستێکی جددی، کردەیی و یەکگرتوویان هەبێت."

لە هەمان کۆنگرەدا، جانۆ ئامەدی هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی سووریا و گوتی: هێرشی گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی حەلەب تیرۆرستییە. 

ئاماژەی بەوەشدا؛ "حکوومەتی شۆڤێنی دیمەشق ئامانجیەتی تەواوی دەستکەوتەکانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارببات." ئامەدی هۆشداریشی دا کە دیمەشق پلانێکی مەترسیداری هەیە بۆ "گۆڕینی دیمۆگرافیای شاری حەلەب" و دەرکردنی کوردان لە ناوچەکانی خۆیان.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵ و تێکۆشانی کوردانی ڕۆژئاوا لە پێناو دیموکراسی و پاراستنی مافە ڕەواکانیان دووپات کردەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێگری لەو پێشێلکارییانە بکەن کە دەرهەق بە مەدەنییەکان دەکرێت.