دواین دەستەی هێزەکانی هەسەدە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کشانەوە

دواین دەستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی شێخ مەقسوود لە باکووری شاری حەلەب کشانەوە.

یەکشەممە، 11 کانوونی دووەم، 2026، پێگەی هەواڵی 'سکای نیوز' ڕایگەیاند "هێزەکانی هەسەدە بە چەند پاسێک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودەوە بەرەوە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات شاری حەلەبیان بەجێ هێڵاوە؛ لە کاتێکدا چوار فڕۆکەی چاودێری بۆ دابینکردنی سەلامەتیی کشانەوەیان بە ئاسمانی شارەکەدا دەفڕین."

سەرچاوەیەکی سەربازیی سووری، ڕایگەیاند "نزیکەی 350 ئەندامی هێزەکانی هەسەدە، کە لە ناو نەخۆشخانەی گەڕەکی شێخ مەقسوود سەنگەریان گرتبوو، ئێستە بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەگوێزرێنەوە. ئەمەش بە گوێرەی لێکگەیشتنە ئەمنییەکانی چەند کاتژمێری ڕابردوو."

پێشتر، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، ڕایگەیاند "دوای هەوڵێکی زۆر و بە نێوەندگیری لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر دانیشتووانی شاری حەلەب، گەیشتینە لێکگەیشتنێک بۆ گواستنەوەی شەهیدان، برینداران، هاووڵاتییانی مەدەنی گەمارۆدراو و هەروەها شەڕڤانان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەبەوە بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا."