وەزیری بەرگریی سۆماڵ: ئیسرائیل هەوڵی گواستنەوەی فەڵەستینییەکان بۆ سۆماڵیلاند دەدات
ئەحمەد موعەلیم فیقی، وەزیری بەرگریی سۆماڵ، هۆشداریی دەدات و ڕایدەگەیەنێت ئیسرائیل بەنیازە فەڵەستینییەکان بە زۆرەملێ بگوازێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە بە "سۆماڵیلاند" ناسراوە. وەزیرەکە ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکاریی قورسی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەزاندنی سەروەریی سۆماڵ ناوبرد.
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "جەزیرە"وەزیری بەرگریی سۆماڵ داوای لە تەلئەڤیڤ کرد دەستبەجێ دانپێدانانی خۆی بەو ناوچە جوداخوازە بکشێنێتەوە. جەختی کردەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هیچ شەرعیەتێکی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەوارەیەکی ناو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری وەک سۆماڵ.
فیقی ئاشکرای کرد؛ ئامانجی ڕاستەقینەی ئیسرائیل تەنیا نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان نییە، بەڵکو دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لە سەرکردە جوداخوازەکان، بنکەیەکی سەربازی لە ناوچە ستراتیژییەکانی نزیک گەرووی باب مەندەب، دەریای سوور و دەریای عەرەبی دابمەزرێنێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە و دابەشکردنی خاکی سۆماڵ وەسف کرد.
وەزیری بەرگریی سۆماڵ ئاماژەی بەوە کرد؛ وڵاتەکەی هەموو ڕێکارە دیپلۆماسی و یاساییەکان دەگرێتەبەر و یەکێتیی ئەفریقاش لە مەترسیی ئەم هەنگاوە ئاگادار کراوەتەوە. لە هەمان کاتدا، ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی (سعوودیە، قەتەر، میسر و تورکیا) و ڕێکخراوەکانی وەک کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ.
فیقی ئاماژەی بەوەش کرد؛ مەقدیشیۆ پێشوازی لە هەڵوێستی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەکات سەبارەت بە جەختکردنەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ و داننەنانی بە قەوارەی "سۆماڵیلاند" وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ.