باڵیۆزی ئەمەریكا لە ساڵیادی شكستی داعشدا: قۆناغی داھاتوومان لە عێراق كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازانمانە
بەردەوام دەبین لە تەك گەلی عێراق لە پێناو درووستكردنی عێراقێكی ئارام و سەقامگیر و گەشەسەندوو

K24 – ھەولێر:
باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، ماتیۆ تولەر، ئەمڕۆ پێجشەممە، 10ی كانوونی یەكەم 2020، جەختیكردەوە لەوەی قۆناغی داھاتوویان لە عێراق كەمكردنەوەی ژمارەی سەربازانیان دەبێت.
تولەر لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "ئەمڕۆ 10ی كانوونی یەكەم رێكەوتی سێیەمین ساڵیادی شكستھێنانی داعشە لە ناوچەكەدا، كە لە ئەنجامدا 8 ملیۆن عێراقی سووریایی لە چنگیان رزگاركران، كه پێشتر كەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئەوان.
تولەر گوتیشی: "ئەمڕۆ نوێژ و نزاكانمان پێشكەش بەو كەسانە دەكەین، ئەوانەی لە پێناو رزگاركردنی عێراق لە دەستی داعش، قوربانییەكانییان لەبیر ناكرێن، ھەروەھا یادی ئەو كەسانەش دەكەینەوە كە دۆستان و ئەندامانی خێزانیان و بنهماڵهكهیان لە دەستدا. وێڕای ئەم ھەموو قوربانییە زۆرانەمان، بەڵام ئێمە بە ئومێدەوە دەڕوانینە ئایندە".
بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی: پیرۆزبایی لە ھێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەین، كە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ھاوبەشەكانی دیكە لە ھاوپەیمانیدا پێشكەوتنێكی ناوازەیان بەدەستھێینا لە كەمكردنەوەی تواناكانی داعش، ئەمەش بەردەوامی فشار درووستدهكات بۆ دڵنیابوون له شكستی بەردەوامی داعش لەگەڵ دەستەبەركردنی دەرفەتی سەقامگیری و گەشەسەندنی ناوچە رزگاركراوەكان".
تولەر ئاماژەیكرد، "ئێمە لە ئەركەكانماندا لە عێراق بەرەو قۆناغێكی دیكە دەڕۆین، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ھەبوونی سەربازی خۆی لەعێراق كەم دەكاتەوە و ھێزەكانی ئەمنی عێراقی ئەركی دەستپێشخەری شەڕكردن دژی داعش زیاتر دەگرێتە ئەستۆ".
ئاشكراشیكرد، " ھاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پێشكەشكردنی راوێژ و ھاریكاری بۆ كردەكانی ھێزەكانی ئەمنی عێراقی دژ بە داعی لەسەر داوای حكومەتی عێراق".
لە كۆتاییدا گوتی: "پابەندی ئەمەریكا بەرامبەر بە گەلی عێراق بەھێز دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبین لە تەك گەلی عێراق لە پێناو درووستكردنی عێراقێكی ئارام و سەقامگیر و گەشەسەندوو".