لە ئەمەریکا جارێکی دیکە چەوریی ئاژەڵ دەبێتە پێشینەی ژەمە خۆراکییەکان
وەزارەتی تەندروستیی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕێنماییە خۆراکییەکانی وڵاتەکەیدا ڕاگەیاند و بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی بەو سیاسەتە هێنا کە بۆ ماوەی زیاتر لە 60 ساڵ لە دژی بەکارهێنانی "چەوریی ئاژەڵی" پەیڕەوی دەکرد.
بەرپرسانی تەندروستیی ئەمەریکا ئەم هەنگاوە نوێیەیان وەک "کۆتاییهاتنی شەڕی دژی چەوریی ئاژەڵی" وەسف کرد.
لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆبەرت ئێف کێنێدی جونیۆر، وەزیری تەندروستیی ئەمەریکا، ڕوونیکردەوە؛ ڕێنماییە نوێیەکان جارێکی دیکە بایەخ دەدەنەوە بە سەرچاوە تەندروستەکانی چەوریی ئاژەڵی. وەزیری تەندروستیی ئاماژەی بەوە کرد؛ گۆشتی سوور، پەنیر و شیری تەواو (پڕ چەوریی) لەمەودوا لە پێشینەی لیستی خۆراکە پێشنیازکراوەکاندا دەبن.
سەرەڕای ئەم کرانەوەیە بەڕووی بەکارهێنانی چەوریی ئاژەڵیدا، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بڕی خواردنەکەدا دەکات. لە ڕێنماییەکاندا هاتووە؛ پێویستە خواردنی "چەوریی تێر" تەنیا سەدا 10ـی کۆی ئەو گەرمۆکە (کالۆری) یە پێکبهێنێت کە مرۆڤ ڕۆژانە وەریدەگرێت، ئەمەش بۆ پاراستنی هاوسەنگی خۆراکی.
ئەم بڕیارە نوێیەی حکوومەتی ئەمەریکا بە بێ مشتومڕ تێنەپەڕی. پرۆفیسۆر کریستوفر گاردنەر، پسپۆڕی بواری خۆراک لە زانکۆی ستانفۆرد، ڕەخنەی توندی لەم هەنگاوە گرت و داوای پێداچوونەوەی دەستبەجێی کرد.
گاردنەر هۆشداریدا و گوتی: "ئەم جۆرە ڕێنماییانە دەکرێت بۆ خەڵکی گشتی چەواشەکارانە بن." ئەو پرۆفیسۆرە جەختی کردەوە؛ ئەم بڕیارە دژی ئەنجامی سەدان توێژینەوەی زانستییە کە پێشتر سەلماندوویانە بەکارهێنانی زۆری چەوریی ئاژەڵی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و مەترسی جەڵتەوە هەیە.
ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی تەندروستیی ئەمەریکادا، گەورەترین گۆڕانکارییە لە چەند دەیەی ڕابردوودا و پێشبینی دەکرێت کاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی جیهانی و پیشەسازی خۆراک هەبێت.