دوای ڤەنزوێلا، ترەمپ هەڕەشەی توند لە کوبا دەکات

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دوای هەفتەیەک لە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی کوبا دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە چیتر نەوت و پارەی ڤەنزوێلا دەست هاڤانا ناکەوێت، هاوکات ئاشکرای دەکات کە لە هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوودا زۆربەی هێزە ئەمنییەکانی کوبا لە ڤەنزوێلا کوژراون و داوا لەو وڵاتە دەکات پێش ئەوەی درەنگ بکەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا بکەن.

یەکشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: نابێت هیچ نەوتێک و پارەییەک بچێتە کوبا، هاوکات بە توندی هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتە بە زووترین کات ڕێککەوتن بکەن، بەر لەوەی درەنگ بکەوێت و ئەنجامێکی خراپی لێبکەوێتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەیامێکی دیکەیدا گوتی: کوبا بۆ چەندین ساڵ لەسەر بڕێکی زۆر لە نەوت و پارەی ڤەنزوێلا دەژیا. لە بەرانبەردا، کوبا خزمەتگوزاریی ئەمنی بۆ دوو دیکتاتۆرەکەی کۆتایی ڤەنزوێلا دابین دەکرد، بەڵام چیتر ئەوە ڕوونادات

ترەمپ باسی لەوەش کرد، زۆربەی خزمەتگوزارەکان بەهۆی هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەمەریکاوە کوژراون و ڤەنزوێلا چیتر پێویستی بە پاراستن نییە.

لەژێر گەمارۆی بازرگانیی ئەمەریکادا، هاڤانا لە ساڵی 2000ەوە زیاتر پشتی بە نەوتی ڤەنزوێلا بەستووە، ئەوەش وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ هوگۆ چاڤێز، سەلەفی مادۆرۆ ئەنجام درابوو.

ڕۆژی شەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2026، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.