زیاتر لە 100 گەشتی فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ هەڵوەشێنرانەوە
کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی، ئەی جێت و پێگاسوس ڕایانگەیاند، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە لە ئیستانبوڵ، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتەکانی ئەمڕۆ دووشەممەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
یەحیا ئۆستۆن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هێڵی ئاسمانیی تورکی (THY) لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانە ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026، ئیستانبوڵ دەگرێتەوە، ناچاربوون 54 گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستانبوڵ لە هەردوو ئاراستەی چوون و هاتن، هەڵوەشێننەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاسپاردەی لیژنەی کەشناسی (MADKOM) بۆ پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران دراوە.
لەلایەکی دیکەوە، محەممەد یەشیلکایا، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی کۆمپانیای "ئەی جێت" ڕایگەیاند، بەهۆی هەمان هۆکار، 24 گەشتی کۆمپانیاکەیان لە فڕۆکەخانەی "سەبیحە گۆکچەن" کە بڕیاربوو ئەمڕ دووشەممە ئەنجام بدرێن، هەڵوەشێندراونەتەوە.
هەروەها کۆمپانیای پێگاسوس لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، بەهۆی کاریگەرییەکانی خراپیی کەشوهەوا، 46 گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە. کۆمپانیاکە داوای لە گەشتیاران کردووە پێش ئەوەی ڕوو لە فڕۆکەخانە بکەن، لە ڕێگەی ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنی فەرمیی کۆمپانیاکەوە دڵنیا ببنەوە لە کاتی گەشتەکانیان.
لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی سەرما و باران و بای بەهێز ئیستانبوڵی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە کاریگەرییەکانی زیاتر ببن، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا و بە تایبەت فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ کردووە.
هەڵوەشاندنەوەی گەشتی هێڵە ئاسمانییە تورکییەکان لەکاتێکدایە، کە هەر شەوی ڕابردوو دانا محەممەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەی سلێمانی بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەهۆی تەمەوە تەواوی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگیراون کە لەنێوانیان دوو گەشتی نێوان ئیستانبوڵ بۆ سلێمانی هەبوون سەر بە هەردوو کۆمپانیای ئەی جێت و هێڵی ئاسمانی تورکی.