سێ ساڵ بهسهر راگەیاندنی كۆتایی ھاتنی داعش تێدهپهڕێت
هۆشداری له جموجۆڵی چهكدارانی داعش دهدرێت
K24 – ھەولێر:
سێ ساڵ بەسەر راگەیاندنی كۆتاییھاتنی داعش لە عێراق لە لایەن حكومەتی عێراق تێدەپەڕێت و ساڵانە و لەم رۆژە بەو بۆنەیەوە پشووە، بەڵام چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق و بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان رۆژ بە ڕۆژ چالاكی ئەنجام دەدەن و ھەڕەشە لە ھێزە ئەمنی و ھاووڵاتییانی ناوچەكە دەكەن. بە گوێرەی دوایین ئامار ئێستا نزیكەی پێنج ھەزار چەكداری داعش لە عێراق ماون.
10 ی/12 لە عێراق كراوەتە پشوو، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە لە 10ی 12ی 2017 عێراق لەدەست داعش ئازادكراوە، بەڵام بە پێچەوانەوە تا ئێستا چەكدارانی داعش كە ھەندێك ناوچەی عێراقدا ماون و ھەناسە دەدەن، تەنانەت چالاكیشیان ھەیە.
لە ساڵی 2017 ەوە كە سەركەوتنی سوپای عێراق بەسەر داعش ڕاگەیاندراوە، تا ئێستا چەندین چالاكی تیرۆریستی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراوە، بەشی زۆری چالاكییەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانن، كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراقدان، بۆیە تاكە چارەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ئەم ناوچانە.
دامەزراوە سەربازییەكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش كە لە عێراق ماون نزیكەی 3 ھەزار چەكدارن، بەڵام بەگوێرەی ھەندێ سەرچاوەی دیكە ژمارەی چەكدارانی داعش لە عێراق لەو ژمارەیە زیاترە و نزیكەی 5 ھەزار چەكداردەبن.