داوای دەرکردنی باڵیۆزانی ئێران لە یەکێتیی ئەوروپا دەکرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانە
بەرامبەر بەردەوامیی سەرکوتکارییەکان لە ئێران، فشاری دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بۆ سەر تاران ڕوو لە زیادبوونە. لە نوێترین هەڵوێستدا، پەرلەمانتارێکی دیاری ئەڵمانیا لە پەرلەمانی ئەوروپا داوای دەرکردنی سەرجەم باڵیۆز و نوێنەرانی ئێران لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات. هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی توندوتیژییەکانەوە دەردەبڕێت.
هانا نویمان، پەرلەمانتاری ئەڵمانی لە پەرلەمانی ئەوروپا، لە پەیامێکدا گوتی "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران مەحاڵە."
نویمان داوایەکی ئاراستەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کرد بۆ دەرکردنی سەرجەم باڵیۆز و نوێنەرانی دیپلۆماسیی حکوومەتی ئێران لە وڵاتەکانیان. ئەو پەرلەمانتارە ئەڵمانییە جەختی لەوە کردەوە، "هیچ جۆرە ئاساییبوونەوەیەکی دیپلۆماسی لەگەڵ حکوومەتێکدا ناکرێت بە فیشەک و کوشتن وەڵامی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکانی خەڵک بداتەوە."
لەلایەکی دیکەوە، ستیفانی دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەران زۆر جێگەی نیگەرانییە.
دوژاریک ئەوەی خستە ڕوو، بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی ئێران دەکەن و داوایان لە حکوومەتی تاران کردووە زمانی نەرم و دیپلۆماسی سەربخات.
یەکێتیی ئەوروپا پێشتر چەندان پاکێجی سزای بەسەر بەرپرسان و دامەزراوەکانی ئێراندا سەپاندووە. ئەم سزایانە بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و گواستنەوەی چەک بۆ ڕووسیا بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوام داوای هەڵوێستی توندتری کردووە و لە چەندان بڕیارنامەدا سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی ئێرانی کردووە.
حکوومەتی ئێرانیش لە بەرامبەردا ئەم سزایانە بە "نایاسایی و تێکدەرانە" ناودەبات و وڵاتانی ئەوروپایی بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی خۆی تۆمەتبار دەکات.
ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، داوای مۆڵەتی سەردانیکردنی وڵاتەکەی کردووە بۆ لێکۆڵینەوەی نزیک لە دۆخەکە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی نەدراوەتەوە.