ڕێبەری دروزەکان: سووریا بەرەو دابەشبوون دەچێت

حیکمەت هیجری، ڕێبەری ڕۆحی دروزەکان لە سووریا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی گوتی، ئیسرائیل ئەوانی لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کردووە.

حیکمەت هیجری لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە تەنیا داوای ئۆتۆنۆمی ناکەین، بەڵکو داوای ناوچەیەکی سەربەخۆی دروزی دەکەین."

سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا و حکوومەتەکەی، حیکمەت هیجری ئاماژەی بەوەدا، "ڕاستە ڕژێمی پێشوو گوشاری دەخستە سەرمان، بەڵام هی ئێستا دڕندەترینە، ئەوان تەنیا هەوڵی لەناوبردنی دروز نادەن، بەڵکو دەیانەوێت هەر پێکهاتەیەک لەگەڵیاندا نەبێتم لەناویان ببەن."

ڕێبەرەکەی دروزەکان ڕاشیگەیاند، "تەنیا تاوانێک کە لەسەری دەکوژرێین ئەوەیە ئێمە دروزین، ئەم حکوومەتە، حکوومەتی داعشە."

سەبارەت بە ڕۆڵی ئیسرائیل لە پاراستنیاندا، حیکمەت هیجری جەختی کردەوە، "هیچ ڕێڕەوێکی مرۆیی لەگەڵ ئیسرائیل بوونی نییە، ئەمەش گەیاندنی هاوکاریی زۆر ئەستەم کردووە، بەڵام نهێنی نییە کە ئیسرائیل تاکە وڵات بوو لە جیهاندا دەستوەردانی سەربازیی کرد و لەو کاتەدا لە کۆمەڵکوژی ڕزگاری کردین."

باسی لەوەش کرد، پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و دروزەکان لە سووریا نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، گوتیشی، "پەیوەندیی خوێن و خزمایەتی لەنێوانماندا هەیە و پەیوەندییەکی سروشتییە، ئیسرائیل وڵاتێکە یاسای نێودەوڵەتی تیایدا سەروەرە و ئێمەش دەمانەوێت بەو ئایدۆلۆژیایە بژین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی توندی لە وڵاتانی عەرەبی گرت و بە بێهیواکەر وەسفی کردن و گوتی: "هیچ وڵاتێکی عەرەبی پشتیوانیی نەکردین، ئەوان لەگەڵ بکوژ وەستان نەک قوربانی، میدیای عەرەبیش وەک شەیتان وێنایان کردین". 

دەربارەی داهاتووی سووریاش، هیجری پێشبینی دەکات وڵاتەکە بەرەو دابەشبوون بڕوات و گوتی: "داواکاریی سەرەکیی ئێمە سەربەخۆیی تەواوە، بەڵام دەکرێت قۆناغێکی ئینتیقالی هەبێت بۆ حوکمی ئۆتۆنۆمی لەژێر چاودێریی لایەنێکی دەرەکیدا، بە بڕوای من ئیسرائیل گونجاوترین لایەنە بۆ ئەو سەرپەرشتییە."