لە شەڕوپێکدادانەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود 216 کەس کوژراون

زیاتر لە 250 هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی حەلەب بێسەروشوێنن

کۆڵانێکی گەڕەکی شێخ مەقسوود (وێنە: AP)
کۆڵانێکی گەڕەکی شێخ مەقسوود (وێنە: AP)

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتوون، لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، 216 کەس کوژراون و زیاتر لە 260 هاووڵاتیش بێسەروشوێنن.

سەرچاوەیەک لە مانگی سووری کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تا ئێستا کوژرانی 216 کەس یەکلابووەتەوە، کە بەشێکیان هاووڵاتیی مەدەنین و ئەگەری زیادبوونی ژمارەکەش هەیە.

سەرچاوەکە گوتیشی: تیمەکانمان لە گەڕەکی ئەشرەفییە لە گەڕان بە دوای تەرمەکان تەواو بوون، بەڵام تاوەکوو ئەمڕۆ  لە 60% گەڕەکی شێخ مەقسوود گەڕاون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.

هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای عەرەبیی سووریا ڕێگەی گەڕانەوەی بە یەکەم کاروانی ئاوارەکانی حەلەب لە عەفرین، دا و گەیشتوونەتەوە گەڕەکی ئەشرەفییە."

لەلایەکی دیکەوە، مستەفا شێخۆ، ئەندامی ڕێکخراوی سوورییەکان بۆ ڕاستی و دادپەروەری، ئەمڕۆ سێشەممە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە گوێرەی ئەو ئامارانەی تاوەکوو ئەمڕۆ بەدەستمان گەیشتووە، 260 هاووڵاتیی مەدەنیی کورد لە دوای شەڕ و پێکدادانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب بێسەروشوێنن."

شێخۆ دەڵێت: لە نێوان ئەو 260 هاووڵاتییە، 12 ئافرەت و 7 منداڵ هەن کە چارەنووسیان نادیارە.

ئاماژەشی دا، ڕێکخراوەکەیان بەدواداچوون و سۆراخی هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە سەرەتای ئاڵۆزیی و شەڕوپێکدادانەوە تاوەکوو ئێستا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.

سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا.