دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکارییەکانی گەیاندە ئاوارەکانی حەلەب و هۆشداری لە دۆخی تەندروستی و دەروونیان دەدات
دەزگای خێرخوازی بارزانی وێڕای ئەوەی ڕۆژانە هاوکاریی پێویست دەگەیەنێتە ئاوارەکانی حەلەب و گوندەکانی دەورووبەری، لەگەڵ هاوکارییە تەندروستییەکانی، هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی، دانیشتووانی ئاوارەی حەلەب پیویستیان بە هاوکاریی دەروونی و تەندروستی بەپەلە هەیە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی بڵاوی کردەوە، سێ هەزار ژەمە خۆراکی وشکیان بۆ سێ هەزار خێزان دابین کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ هەزار و 500 ژەمە خۆراکی گەرمیان بۆ ئاوارەکانی حەلەب دابینکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی نۆرینگەی گەڕۆک لەگەڵ پێنج ستافی تەندروستی چوونەتە کەمپ و شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان و پاڵپشتی تەندروستییان پێشکەش بە بنکەکانی تەندروستی گوندەکانی دەورووبەری حەلەب کردووە.
دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ هەموو ئەو هاوکارییانەی پێشکەش بە ئاوارەکانی حەلەب دەکریت، پاڵپشتی دەروونی پێشکەش بە منداڵانی ئاوارەی حەلەب دەکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەزگای خێرخوازی لەبارەی هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەکانی حەلەب بڵاوی کردووەتەوە، ئەو خۆراکانەی پێشکەشی ئاوارەکان کراون، بریتیین لە(برنج، نۆک، گۆشت، نان، ئاو، نیسک)، هاوکات بەتانی و دۆشەگ و پەڕۆی پلاستیکی و سێتی چێشتخانە، لەگەڵ جلو بەرگی خێزانەکان و چالاکیی دڵخۆشکەر بۆ منداڵان و چەندین پێداویستی دیکەش.
دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 22 هەزار خێزان کە دەکاتە نزیکەی 110 هەزار کەس، ئاوارەی عەفرین بوون، ئەمەش پێویستی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە بۆیان زیاتر دەبێت.
دەزگای خێرخوازی بارزانی هۆشداری دەدات لەوە، دۆخی زستانی سووریا و سەرما و باران، کاریگەری زۆری لەسەر تەندروستی ئاوارەکان دروست کردووە، کاریگەرییەکەش بەتابەت لەسەر ژن و منداڵ و بەساڵاچووەکانە، لەکاتێکدا لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر باریووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی هۆشداریی دەدات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆێ لەنێو ئاوارەکاندا بەهۆی ئەو سەرما و سۆڵەی ڕووی لە ناوچەکەیان کردووە، سەرباری ئەوەش دۆخی دەرووینی ژن و منداڵەکان زۆر خراپ بووە و پیویستییان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.