بەهۆی شەڕی حەلەب سەدان کەس تاوەکوو ئێستا چارەنووسییان نادیارە
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا و عەفرین و لە ڕاگەیەنڕاوێکی هاوبەشدا ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکوو ئێستا بە سەدان کەس لە شەڕی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود چارەنووسییان نادیارە و نازانرێت لە ژیان ماون یاخود نا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیبراهیم شێخۆ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین ڕایگەیاند: تاوەکوو ئێستا بارودۆخی هەردوو گەڕەکەکە ئاڵۆزە و هێور نەبووەتەوە، پێشێلکاری بەردەوام بەرانبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنی دەکرێت و ڕفاندنی بە کۆمەڵی خەڵکی مەدەنی دەکرێت و پێویستە بە زووی کار لەسەر دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ئەو خەڵکە بکرێت.
شێخۆ گوتیشی: هێزەکانی عەرەبی سووریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنییان کردووەتەوە ئامانج و سەدان کەس چارەنووسییان نادیارە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، بەگوێرەی ئەو لیستەی ئاشکرا کراوە، ناوی زیاتر لە 300 کەس تۆمارکراوە، بەڵام ژمارەی ڕاست و دروست لە هەزار کەس زیاترە.
رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا.