ئیدارەی ترەمپ لقەکانی ئیخوان موسلیمین لە سێ وڵاتی عەرەبی دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لقەکانی ئیخوان موسلیمینی لە میسر، ئوردن و لوبنان، وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی ناساند و وەزارەتی گەنجینەش دەست بە بە بلۆککردنی سەرچاوە دارایییەکانیان دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاری دا لقەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین لە هەریەک لە وڵاتانی میسر، ئوردن و لوبنان وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" پۆلێن بکات.

لەو بارەیەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی ئیدارەی ئەمەریکایە بۆ وشککردنی سەرچاوە دارایییەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو چالاکییانەی کە پەیوەستن بەم ڕێکخراوەوە.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: کە واشنتن هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکار دەهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لقانە و وشککردنی سەرچاوە دارایییەکانیان.

بڕیارەکە چەند هەفتەیەک دوای فەرمانێکی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی خستنە لیستی تیرۆری ئەو کۆمەڵەیە. بە پێی بڕیارەکە، پێشکەشکردنی هەر جۆرە پشتیوانییەکی ماددی بۆ ئەو لقانە بە تاوان هەژمار دەکرێت، هەروەها ئەندامانیان قەدەغەی هاتنەناوەوەی ئەمەریکایان دەخرێتە سەر و سزای ئابوورییان بەسەردا دەسەپێنرێت.

لە کاتێکدا حکوومەتی ئوردن ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "پیلانگێڕی" ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین قەدەغە کرد و میسریش لە ساڵی 2013ـەوە خستوونییەتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام لە لوبنان ئەم گرووپە نوێنەرایەتیی لە پەرلەماندا هەیە.

ئەم بڕیارەی ئەمەریکاش کاردانەوەی لێکەوتەوە، بە جۆرێک کە بە شێک لە ئەندامانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، ئەم بڕیارانەی بە دەستوەردانی دەرەکی بۆ خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل پێناسە کرد.

هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، کە بڕیارەکە دەرئەنجامی گوشاری ئیسرائیل و ئیماراتە بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا.

 

پاشخانێک لەسەر کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین

کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین (الإخوان المسلمون)، لە ساڵی 1928 لەسەر دەستی "حەسەن بەننا" لە شاری ئیسماعیلییەی وڵاتی میسر دامەزرا. ئەم کۆمەڵەیە وەک کۆنترین و کاریگەرترین بزووتنەوەی ئیسلامیی سیاسی لە جیهانی سوننەدا دادەنرێت.

 

ئایدیۆلۆژیا و ئامانج
دروشمی سەرەکیی کۆمەڵەکە بریتییە لە "ئیسلام چارەسەرە". فیکری ئیخوان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ئیسلام تەنیا پەرستش نییە، بەڵکو سیستەمێکی گشتگیرە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئابووری و کۆمەڵگە. ئامانجی سەرەکییان گەڕانەوەیە بۆ جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی و دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنەما ئایینییەکان.

 

گەشەسەندن و لقەکان
سەرەڕای ئەوەی لە میسر سەری هەڵدا، بەڵام زوو تەشەنەی کرد بۆ زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی. ئیخوان لە وڵاتانی وەک ئوردن، سووریا، کوەیت، فەڵەستین (بزووتنەوەی حەماس وەک باڵی ئیخوان دادەنرێت)، و باکووری ئەفەریقا لقی هەیە. لە هەندێک وڵاتدا (وەک ئوردن و مەغریب) وەک پارتێکی سیاسیی یاسایی بەشدارن، لە هەندێکی دیکەدا قەدەغەکراون.

 

بەهاری عەرەبی و کەوتنی دەسەڵات
خاڵی وەرچەرخانی مێژووی ئیخوان لە ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی "بەهاری عەرەبی" بوو. ئیخوانەکان لە میسر توانییان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەسەڵات بگرنە دەست و "محەممەد مورسی" بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئیخوان. 

بەڵام ئیخوانەکان لە ساڵی 2013، لە لایەن سوپای میسرەوە دەسەڵاتەکەیان لێ سەندرایەوە و ڕووبەڕووی گەورەترین هەڵمەتی دەستگیرکردن بوونەوە.

ئێستا وڵاتانی میسر، سعوودییە، ئیمارات و بەحرەین، ئیخوانیان وەک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناساندووە.