دیندار زێباری: بەڵگەمان هەیە ئەمە خۆپیشاندان نییە
"ئامانجەکە لاوازکردنی پێگەی هەرێمە"

K24- هەولێر:
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەبارەی رەخنەی رێکخراوەکانی ئەمنستی و مافی مرۆڤ لەبارەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئێمە بەڵگەمان هەیە کە ئەمە خۆپیشاندان نییە، بەڵکو تووندووتیژییە کە بووەتە مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاند، لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، تۆڕێک هەن دەیانەوێت پێگەی ئەمنی هەرێم لاواز بکەن و بۆ ئەوەش پەنا دەبەنە بەر رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرانی وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەو جۆرە تووندووتیژییەیان رەتکردووەتەوە کە مەبەست لێی لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە.
دیندار زێباری گووتی، هۆکاری رەخنەی ئەو چەند رێکخراوە ئەوەیە، ئەوان لێرە نووسینگەیان نییە و پشتیان بە رێکخراوی ناوخۆی ئێرە بەستووە، دەنا هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستمی دادوەری خۆیەتی و ئەو سیستمە بڕیار دەدات کە خۆپیشاندانە یان تووندوتیژییە.