ئەنجامی توێژینەوەیەک: پیاوە ژیرەکان کەمتر کێشە دروست دەکەن

تیمێک لە زانایانی دەروونناسی لە زانکۆی ئۆکلاندی نیوزلەندا، توێژینەوەیەکی نوێیان دەربارەی کاریگەریی ئاستی زیرەکی لەسەر شێوازی هەڵسوکەوتی پیاوان لە نێو پەیوەندییە سۆزدارییەکاندا ئەنجامداوە و ئەنجامەکان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لە نێوان توانای ژیری و سەقامگیریی خێزانی دەرخستووە.

بەگوێرەی گۆڤاری (Personality and Individual Differences)، توێژینەوەکە لەسەر 202 گەنج ئەنجامدراوە کە تەمەنیان لە دەوروبەری 25 ساڵدا بووە و لانیکەم شەش مانگ لە پەیوەندیی سۆزداریدا بوون. ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەوانەی خاوەنی توانایەکی بەرزی ژیری و مەعریفەن، کەمتر پەنا بۆ ڕەفتارە نەرێنییەکانی وەک: تووندوتیژیی زارەکی، فێڵکردن و فشارخستنە سەر هاوبەشەکانیان دەبەن.

توێژینەوەکە جەخت لە گرنگیی "زیرەکیی گشتی" دەکاتەوە، کە بریتییە لە توانای مێشک بۆ بیرکردنەوەی کاریگەر، پلاندانان و چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان. دەرکەوتووە هەرچەندە ڕێژەی زیرەکیی (IQ) لە پیاواندا بەرزتر بێت، ئەگەری بەکارهێنانی شێوازی تێکدەرانە لە پەیوەندییەکاندا کەمتر دەبێتەوە؛ هەروەها کەمتر تووشی نیشانەکانی نەخۆشیی دەروونی (Psychopathy) و کێشەکانی لاوازیی سێکسی دەبنەوە.

زانایان ئاماژە بەوە دەدەن، جۆرێکی دیاریکراوی زیرەکی کە بە "زیرەکیی شل" (Fluid Intelligence) ناسراوە، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. ئەم جۆرە زیرەکییە بریتییە لە توانای گونجاندنی خێرا لەگەڵ ئاڵنگارییە نوێیەکان و کۆنترۆڵکردنی پەرچەکردارە کتوپڕەکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێکخستنی هەڵسوکەوتە سۆزدارییەکان بە شێوەیەکی ژیرانە.

لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، زانایان هۆشداری دەدەن کە نابێت ئەم ئەنجامانە بە ڕەهایی وەربگیرێن، چونکە زیرەکی تەنیا یەکێکە لەو فاکتەرە زۆرانەی کاریگەرییان لەسەر کوالێتی پەیوەندییەکان هەیە، جگە لەوەی زانیارییەکانی توێژینەوەکە پشتیان بە وەڵامی بەشداربووان بەستووە کە ڕەنگە هەندێکجار بە ئاگا یان بێئاگا زیادەڕەوییان لە وەسفکردنی ڕەفتارەکانی خۆیاندا کردبێت.