پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: ناکرێت لە حەلەب شەڕ بێت و لە تورکیاش ئاشتی
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت: بۆ چارەسەری پرسی کورد ئامادەین، بەڵام هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، نییەتپاکی و جیددییەتی حکوومەتی تورکیا دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئاشتی و شەڕ پێکەوە بەڕێوە ناچن.
دیلان ئایان، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، سەبارەت بە کارەکانی تیمی نووسینەوەی ڕاپۆرتی "پرۆسەی ئاشتی" ئاماژەی بەوە کرد، وەک دەم پارتی ڕاپۆرتە تێر و تەسەلەکەیان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە و تێیدا داواکارییە سەرەکییەکانیان ڕوونکردووەتەوە.
داواکارییە سەرەکییەکانی دەم پارتی
دیلان ئایان ڕوونی کردەوە، بنەمای چارەسەری لە ناساندنی فەرمیی ناسنامەی کوردی و زامنکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکەوە دەستپێدەکات. گوتیشی: لەم چوارچێوەیەدا، دەم پارتی لە ڕاپۆرتەکەیدا داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە سیاسەتی دانانی قەییوم بهێنرێت و ڕێز لە ئیرادەی سیاسیی گەلی کورد و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بگیرێت.
هەروا ئاماژەیدا، ئەم داواکارییە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ بە دیموکراسیکردنی وڵات و دووبارە بونیادنانەوەی متمانە لە نێوان گەل و دەوڵەتدا دەبینرێت.
لە لایەکی دیکەوە، لە ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر پێویستیی ئەنجامدانی چاکسازیی قووڵی یاسایی کراوەتەوە، کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری تورکیا، وەک خاڵی سەرەکی دیاری کراون.
هەروەها ئایان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ئاشتی، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک کارەکتەری سەرەکیی چارەسەری قبوڵ بکرێت و دەرفەتی گونجاو بۆ پەیوەندییەکانی بڕەخسێنرێت؛ تاوەکو بتوانێت ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە بونیادنانی ئاشتییەکی بەردەوام و تۆکمەدا بگێڕێت.
دیلان ئایان: ناکرێت لە ناوخۆدا داوای ئاشتی بکەن و لە دەرەوەش شەڕ.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا گرت و ئاماژەی بە سەر هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و دواجاریش ناوچەی دێر حافر و گوتی: تورکیا ناتوانێت لە ناوخۆدا باسی ئاشتی بکات، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان و حەلەب پشتگیریی هێرشەکان بۆ سەر کورد دەکات، ئەم جۆرە نزیکبوونەوەیە متمانەی گەل بە پرۆسەکە لەناو دەبات. مافەکانی کورد لە هەر چوار پارچەکە بەیەکەوە گرێدراون؛ تاوەکو لە ڕۆژئاوا خوێنی کورد بڕژێت، نەدیهێنانی ئاشتەواییەکی هەمیشەیی لە تورکیا ئەستەم دەبێت.
دیلان ئایان: پێویستە حکوومەتی تورکیا هەنگاوی جیددی بنێت
دیلان ئایان لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کرد لەبری لێدوانی ڕووکەش، هەنگاوی کردەیی و جیددی بنێن. گوتیشی: گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت چاوەڕوانی ئاشتییەکی شەرەفمەندانەیە، بەڵام دەبێت ئەم ئاشتییە لە ڕێگەی ناسینی مافەکانی هەموو کوردان و ڕێزگرتن لە ئیرادەی سیاسییان، سەرچاوە بگرێت.