شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ كازمی و حەلبووسی كۆدەبێتەوە
لەگەڵ كازمی و حەلبووسی كۆدەبێتەوە

K24-ھەولێر
شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی دانووستانکاری حکومەتی هەرێم بۆ دیاریکردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان، و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیرانی نەوت و دارایی و هەروەها چاودێری دارایی و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان لەو کۆبوونەوەیەدا، شاندی حکومەت پرسی ناردنی بڕی 320 ملیار دیناری مانگی ئۆکتۆبەریش تاوتوێ دەکات کە تا ئێستا بەغدا نەیناردووە.
سەمیر ھەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: بڕیارە پاش نیوەڕۆ، كۆبونەوەی لوتكە لە بەغدا ئەنجامبدرێت لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی لیژنەی دارایی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چۆنیەتی رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد".
گوتیشی: "شاندی هەرێم هەوڵی زامنكردنی 320 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە یاسای كورتهێنانی قەرزدا دەدات".
چوار رۆژە شاندی حکومەت بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە و لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی و حزبی کۆبوونەتەوە.