هاتوچۆی هەولێر پلانێکی نوێ بۆ ساڵی 2026 ڕادەگەیەنێت

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و سەپاندنی سەروەریی یاسا، هاتوچۆی هەولێر لیستێکی نوێی سزاکانی بڵاو کردەوە، کە تێیدا جەخت لە بەکارهێنانی پشتێنی سەلامەتی، قەدەغەکردنی مۆبایل و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و جامڕەش کراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی کانوونی دووەمی 2026 لە ڕاگەیەنراوێکدا، وردەکاریی پلان و ڕێکارە نوێیەکانی خۆی بۆ ئەمساڵ ئاشکرا کرد، کە ئامانج لێی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی زیاتری یاسایە لە شەقامەکاندا.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دوای سەرکەوتنی پلانی ساڵی ڕابردوو و کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن و برینداربوون بەهۆی ڕووداوەکانەوە (کە دەرەئەنجامی دانانی کامێراکانی چاودێری و بەدواداچوونی تیمەکان بوو)، بۆ ئەمساڵ میکانیزمێکی نوێی چاودێری پەیڕەو دەکەن.

بە پێی پلانە نوێیەکە، تیمەکانی هاتوچۆ لە ترافیکلایتەکان، بازگەکان و مەفرەزە گەڕۆکەکاندا بوونیان دەبێت. خاڵی جەوهەریی پلانەکە بریتییە لە بەکارهێنانی "ئۆتۆمبێلی هەڵگری تابلۆی شارستانی (مەدەنی)" لەپاڵ ئۆتۆمبێلە فەرمییەکاندا، بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی شۆفێران و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان.

هاتوچۆی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لەم سەرپێچییانە ناکرێت و سزاکان بەم شێوەیە دەبن:

ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ و ساختە: ڕاستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگیرێت و شۆفێرەکەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکرێتەوە.

بەکارهێنانی مۆبایل: هەر شۆفێرێک لە کاتی لێخوڕیندا مۆبایل بەکاربهێنێت، سزای دارایی (غەرامە) دەکرێت.

پشتێنی سەلامەتی:  بەستنی پشتێنی سەلامەتی لە ناو شار و دەرەوەی شار بە زۆرەملێیە؛ پابەندنەبوون بەم بڕگەیە سزای دارایی بەدوادا دێت.

دەستکاریکردنی ئۆتۆمبێل: جامڕەشکردنی بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی "نەشرە و فلاشەر" و دەستکاریکردنی سیستەمی گزۆز، دەبێتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکە و سزادانی خاوەنەکەی.

لێخوڕین بێ مۆڵەت: هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی شۆفێری ئۆتۆمبێل لێ بخوڕێت، ڕەوانەی دادگا دەکرێت.

 

ڕێنمایی توند بۆ ماتۆرسکیل

سەبارەت بە ماتۆرسکیلەکان (بە تایبەت ئەوانەی بۆ گەیاندن/دیلیڤەری بەکاردێن)، ڕێنماییەکان بەم شێوەیەن:

پێویستە ماتۆرسکیلەکە بە فەرمی تۆمار کرابێت و هەردوو تابلۆی پێشەوە و دواوەی پێوە بێت؛ بە پێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.

شۆفێری ماتۆرسکیل دەبێت خاوەنی مۆڵەتی لێخوڕین بێت و کڵاو و کەرەستەکانی سەلامەتی بەکاربهێنێت، ئەگەرنا سزای دارایی دەدرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، هاتوچۆی هەولێر هۆشداری دەداتە شۆفێران کە شەقامەکان موڵکی گشتین و نابێت بە سەرپێچیکردن مافی هاووڵاتییانی دیکە پێشێل بکرێت. ئاماژە بەوەش کراوە کە شۆفێران دەبێت هەمیشە هەست بەوە بکەن لەژێر چاودێریدان، چونکە تیمە مەدەنی و فەرمییەکان بەردەوام لە ئەرکدان.